كوژرانى ئه‌فسه‌رانى ئێران له‌ عێراق.. ئیسرائیل راى ده‌گه‌یه‌نێ و ئێران و عێراق ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌

:: AM:08:17:31/08/2025 ‌

میدیای ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، چەند ئەفسەرێكی ئێران لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كراونەتە ئامانج و گومان دەكرێت ئەمەریكا هێرشەكەی كردبێ. كەچی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئاژانسێكی ئێرانی تەواوی زانیارییەكان رەت دەكەنەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم 31 ی ئاب، دەنگۆی كوشتنی ئەفسەرێك یان چەند ئەفسەرێكی ئێرانی لە عێراق بڵاو كراوەتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەن، رووداوەكە لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا بووە، كاتێك درۆنێك ئۆتۆمبێلێكی كردووەتە ئامانج، ئەفسەرێك یان دوو ئەفسەری ئێرانیی تێدا بووە.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، "سەرچاوە عێراقییەكان دەڵێن هێرشەكە ئەمەریكی بووە". كەچی ماڵپەڕی تەسنیمی ئێرانی تەواو زانیارییەكان رەت دەكاتەوە.

هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە راگەیەنراوێكدا نكۆڵی لە زانیارییەكان دەكات و دەڵێ، "بارودۆخی تەناهیی پایتەخت سەلامەت و جێگیرە و هیچ رووداوێكی لەم جۆرە بڵاو نەكراوەتەوە".


 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل