نەتەوە یەكگرتووەكان: لە سووریا هێشتا كۆچ بەردەوامە و 16 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوكاری هەیە

:: PM:01:36:09/09/2025 ‌
ڕێكخەری نیشتەجێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، نزیكەی 16.5 ملیۆن كەس لە سووریا پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە و دەشڵێت، رێژەی 24%ی خانووەكانی هاووڵاتییان زیانیان بەركەوتووە.

ئادەم عەبدولمەلا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پێش كۆتاهێنان بە ئەركەكەی، بۆ پێداچوونەوە بە كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا گوتی، "نزیكەی 16.5 ملیۆن كەس لە سووریا پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا قەیرانی ئاوارەبوون لەو وڵاتە بەردەوامی هەیە، زیاتر لە شەش ملیۆن سووری ئاوارەی ناوخۆ بوون و زیاتر لە شەش ملیۆنی تریش لە سەرانسەری دنیادا پەنابەرن".

ئاماژەی بەوەش كرد، "2.5 ملیۆن ئاوارەی گەڕاوە هەن، هەم ئاوارە ناوخۆییەكان هەمیش ئەوانەی دەرەوە كە دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، بەشێكی زۆریان ماڵەكانیان وێران بووە".

باسی لەوەش كردووە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 24%ی خانووبەرە لە سووریا زیانیان بەركەوتووە یان وێران بوون، سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارە، ئەو پارەیەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پشتیوانی لەم بوارەدا وەریدەگرێت، لە ڕادەبەدەر كەمی كردووە و توانای هاوكاریشمان كەم بووەتەوە، بەشێوەیەك نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2025دا تەنیا 3.2 ملیار دۆلاری بۆ هاوكاری سووریا  وەرگرتووە.



وشە - سۆران عەزیز