ماری سنیوه مارتینۆس رێبه‌ری پارتی سووری نه‌رویج كه به Rodt ناسراوه، داوای له وڵاته‌كه‌ی كرد ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیكی رۆژئاوای كوردستان، به فه‌رمی بناسێت و له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێته هاوكارییه‌وه.
نه‌رویج رۆژی دووشه‌م خولێكی تری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه برد، ئه‌و پارته له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی نه‌رویج، توانی نۆ كورسیی په‌رله‌مان بباته‌وه، به‌ڵام پارتی كرێكاران براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو و پێشبینی ده‌كرێت پارته‌كه له‌گه‌ڵ پارتی سوور، حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی پێكبێنێت.
سه‌رۆكی پارتی سوور به‌ر له هه‌ڵبژاردن به میدیاكانی گوتبوو، حه‌ز ده‌كات حكوومه‌تی نه‌رویج ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا به فه‌رمی بناسێنێت، ئه‌و داوایشی كردبوو هاوكاریی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه نه‌رویجییه‌كانی كه‌مپی هۆل بگه‌ڕێنرێنه‌وه وڵاته‌كانیان.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پارته به‌شداریی كابینه‌ی پێ بكرێت، ئه‌وا ده‌توانێت به‌پێی پێگه‌كه‌ی رۆڵی هه‌بێت له سه‌رخستنی داواكارییه‌كه‌ی.
ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی نه‌رویج، 169 كورسین و پارتی كرێكارانی نه‌رویج پێگه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات پاراستووه.
مارتینۆس ئه‌وه‌یشی خسته روو كه به‌رگری له مافی كورد چ له كوردستان و چ له نه‌رویج ده‌كات، پارته‌كه‌یشی پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ گه‌یشتن به ئازادی و سه‌رجه‌م مافه‌كانیان ده‌كات.