لە دوای هێرشەكەی دۆحە نەتنیاهۆ قەتەڕ ئاگەدار دەكاتەوە

:: PM:09:23:10/09/2025 ‌

دوێنێ ئیسرائیل هێرشێكی گەورەی ئاسمانی كردە سەر دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ كە زۆرینەی سەركردە باڵاكانی بزووتنەوەی حەماس لەوێن، ئەگەرچی هێرشەكە ئامانجەكانی نەپێكا و نەیتوانی ئەو سەركردانە لەناو ببات كە ئیسرائیل دەیویست بیانكاتە ئامانج، بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێكی بە قەتەڕ گەیاند و وریای كردەوە.

نەتنیاهۆ لە وتەیەكی بە زمانی ئینگلیزی كە میدیاكانی ئیسرائیل گواستییانەوە گوتی، بە قەتەڕ و هەموو ئەو وڵاتانە دەڵێم كە داڵدەی تیرۆریستان دەدەن، یان دەریان دەكەن و یان دەیاندەنە دادگا، ئەگەر ئەوانە نەكەن ئێمە خۆمان ئەنجامی دەدەین. 

نەتنیاهۆ باسی ساڵوەگەڕیی هێرشەكەی 11ی سێپتێمبەری 2001ی ئەمەریكای كرد و گوتی، سبەی 11ی سێپتێمبەرە، لەو رۆژە تیرۆریستان قێزەونترین رەشەكوژییان لەسەر خاكی ئەمەریكا لەوەتەی دروست بووە دروست كرد، ئێمەش خاوەن 11ی سێپتێمبەری خۆمانین، كاتێك یادی 7ی تشرینی یەكەمی 2023 دەكەینەوە، لەو رۆژەش تیرۆریستان قێزەونترین رەشەكوژییان لە دژی گەلی جوو لەوەتەی هۆڵۆكۆستەوە ئەنجام دا.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە، لە دوای 11ی سێپتێمبەر ئەمەریكا چی كرد؟، بەڵێنی راوەدوونانی ئەنجامدەرانی تاوانەكەی دا لە هەر كوێیەك بن، دوای دوو هەفتەش بڕیارێكی لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەركرد بەوەی نابێت حكوومەتەكان داڵدەی تیرۆریستان بدەن، دوێنێش ئێمە بەو شێوەیە هەڵسوكەوتمان كرد و پلانداڕێژەرانی رەشەكوژییەكەی 7ی تشرینی یەكەممان كردە ئامانج، ئەوەمان لە قەتەڕ ئەنجام دا كە حەشارگەیەكی ئارامی بۆ رەخساندوون، داڵدەیان دەدات و پاڵپشتییان دەكات و خانووی گرانبەها بۆ سەركردەكانی دابین دەكات و هەموو شتێكیان پێشكەش دەكات. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل