سوپای سووریا هێرشی كرد و هەسەدە تێكیشكاند.. چەندان كوژراو و بریندار هەن

:: AM:09:14:11/09/2025 ‌
لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب شەوی ڕابردوو جارێكی تر هێزەكانی سوپای سووریا  هێرشیان بۆ سەر هەسەدە دەست پێ كردەوە و بەهۆی هێرشەكەش، دوو هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەست داوە و چەندانیش بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو هەسەدە لە فڕۆكەخانەی سەربازی جەراحەوە، بەسەختی ناوچەكانی دانیشتووانی لە سێ گوندی دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە باكوری سووریا تۆپباران كردووە، لە ئەنجامیشدا دوو هاووڵاتی سڤیل كوژراون و سێی تریش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی راگەیاندنی رۆژئاوای كوردستان، دوای ئەوەی ئەمشەو لە سنووری پارێزگای حەلەب، شەڕ لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و گرووپە چەكدارەكانی سووریای نزیك لە توركیا ڕووی دا، بەهۆیەوە نزیكەی 20 چەكداری ئەو گرووپانە كوژران و بریندار بوون.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، شەڕەكە لە شاری دێر حافز لە سنووری پارێزگای حەلەب بووە، تا ئێستە شەش چەكداری گرووپەكان كوژراون ‌و 14ی تریش بریندارن.

هەرچەندە هەسەدە و دیمەشق لەسەر ڕاگرتنی هەموو جۆرە گرژییەك ڕێككەوتوون و بڕیارە هێزەكان تێكەڵ بە یەكتر ببنەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازییەكان لەسەر شێوازیی تێكەڵبوونەوە و كاریگەریی لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی، شەش مانگ دوای ڕێككەوتنی نێوانیان، هێشتا ڕێككەوتنەكە هەر مەرەكەبی سەر كاغەزە و جێبەجێ نەكراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەڵێت، شەوی ڕابردوو هێزەكانیان ڕووبەڕووی هەوڵێكی دزەكردنی چەكداری و هێرش بوونەتەوە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی دیمەشق، ئەوانیش هەوڵەكەیان شكست پێهێناوە، بۆ دووبارەبوونەوەی هەر پێشێلكارییەكی تریش، ئەوان ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەن و ئەوەشی دەستپێشخەری دەكات لە تێكدانی ئارامی بەرپرسیار دەبێت.




وشە - سۆران عەزیز