ڕۆژی سێشەم 11ـی ئەیلوولی 2001، هێرشێكی گەورە كرایە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەهۆی ئەو هێرشەوە دنیا پێی نایە قۆناغێكی نوێ، كوردیش دۆزەكەی گەلێك چووە پێشەوە.
ڕۆژی سێشەم 11ـی ئەیلوول، لەلایەن چوار فڕۆكەی مەدەنییەوە كە ڕفێنرابوون، هێرش كرایە سەر ئەمەریكا، هێرشەكە لەلایەن ڕێكخراوی قاعیدەوە ئەنجام درا و سێ لە هێرشەكان سەركەوتوو بوون لە پێكانی چەند ئامانجێك، بەڵام چوارەم فڕۆكە بەهۆی ونكردنی ڕێگەوە كەوتە خوارەوە.
هێرشەكان هەریەك لە دوو تاوەری بازرگانی مانهاتن و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكای كردە ئامانج كە بە پنتاگۆنیش دەناسرێت، بەڵام هەرگیز ئامانجی فڕۆكەی چوارەم نەدۆزرایەوە.
ڕووداوەكان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هەزار و 977 كەس لە ئەمەریكا و هەروەها 19 تیرۆریستی ڕێكخراوی قاعیدە كە فڕۆكەكانیان ڕفاندبوو گیانیان لە دەست دا.
ئەمە شۆكێكی گەورەبوو بۆ ئەمەریكا و دنیاش، بۆیە دەستبەجێ وەزیری بەرگری دۆناڵد ڕامسفێڵد بڕیاری دا، ڕێژەی هۆشیاری بەرگری بەرز بكرێتەوە بۆ پلەی سێ و ڕێكاری پێویست بگیرێتەر.
19 ئەندامی ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە توانییان چوار فڕۆكەی مەدەنی بڕفێنن كە هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی (هێڵە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و هێڵە ئاسمانییە یەكگرتووەكان) خاوەنیان بوون، لە باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریكاوە بەرەو كالیفۆرنیا بەڕێكەوتن، هەردوو فڕۆكەی گەشتی ژمارە 11ـی هێڵی ئاسمانی ئەمەریكی و گەشتی ژمارە 175ـی هێڵی ئاسمانی یەكگرتوو، خۆیان بە هەردوو تاوەری باكور و ڕۆژئاوادا كێشا كە باڵەخانەی (ناوەندی بازرگانی جیهانی) بوون، لە ماوەی سەعاتێك و 42 خولەكدا هەردوو باڵەخانەكە داڕمان كە لە 110 نهۆم پێكهاتبوون، یەكێكیان بنكەی بازرگانیی جیهانیی حەوت بوو كە لە 47 نهۆم پێكهاتبوو، لەگەڵیدا زیانێكی زۆری بە 10 باڵەخانەی تری ناوچەكە گەیاند.
ڕووداوەكە بە یەكێك لە گەورەترین ڕووداوەكانی مرۆڤایەتی دادەنرێت كە كوژراوی سڤیلی هەبووبێت، هەروەها خاوەن ڕێژەیەكی زۆر كوژراوی پیاوی ئاگركوژێنەوە و ئەفسەری فریاكەوتنە كە دەستبەجێ 343 ئاگركوژێنەوە و 72 ئەفسەری فریاكەوتن گیانیان لە دەست داوە.
ئەوانەی لە ڕووداوەكەدا گیانیان سپارد، دوو هەزار و 997 كەس بوون، ژمارەی بریندارەكانیش 25 هەزار كەسی تێپەراند.
دوای هێرشەكە، گومانەكان كەوتنە سەر ڕێكخراوی قاعیدە، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستبەجێ جەنگی دژی تیرۆری ڕاگەیاند و هێرشی كردە سەر ئەفغانستان، بۆ تێكشكاندنی بزووتنەوەی تاڵیبان كە ئامادە نەبوو ڕێكخراوی قاعیدە و سەرۆكەكەی لە ئەفغانستان دەربكات، لەگەڵیدا زۆر لە وڵاتان كەوتنە خۆ و هەموو دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەكانیان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگری لە هەموو هێرشێك، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا ئوسامە بن لادن ڕەتی كردەوە خاوەنی كردەوەكە بێت، بەڵام لە ساڵی 2004دا ددانی بە هێرشەكەدا نا، هۆكارەكەشی بۆ یارمەتیی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل و بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە سعوودیە و گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر عێراق گەڕاندەوە.
ئەم رووداوە دنیای بەجۆرێك گۆڕی، دەكرێ بڵێین دنیای پێش 11 سێپتێمبەر و دوای 11 سێپتێمبەر. لە تیۆرە سیاسییەكانیش دەستبەجێ چەمكی پێش و پاش 11ی سێپتێمبەر هاتە ناو دنیای سیاسەت و پێوەندیی نێودەوڵەتییەوە. دیاربوو دنیای پاش 11ی سێپتێمبەر زۆر جیاواز بوو، بەڵام كەس نەیدەزانی ئەم دنیا نوێیە ئەوەندە بۆ كورد جیاواز دەبێت.
ئەوەندەی پێ نەچوو پەنجەی تۆمەت بۆ سەدام حوسێن راكێشرا. كورد لە كارەكتەرێكی نافەرمی و ددانپێدانەنراو و كەمبایەخەوە، بوو بە ئەكتەرێكی جێ متمانەی ئەمەریكا و رۆژئاوا. ڕاستییەكەی ئەمەریكا بۆ لادانی سەدام، پێویستی بە كورد بوو.
لەمبارەوە ئارام وەڵەدبەگی نووسیویەتی، لە لێكدانەوەی 11ی سێپتێمبەردا بەردەوام باس لە چەمكی تیرۆر و بناژۆخوازی ئیسلامی و قاعیدە و سیاسەتی نوێی ئەمەریكا دەكرێ، بەڵام كەم شرۆڤە هەن تیشك بخەنە سەر ئەوەی كە ئەو فڕۆكانە پێش ئەوەی لە تاوەرەكانی بازرگانی جیهانی بدەن، بوومەلەرزە بوون و دایان لە نەزمی لۆزان و تەنانەت "سایكس پیكۆ"یش.
ئەم رووداوە قۆناغێكی تری رزگاری كورد و نەهێشتنی كۆتوبەندەكانی بوو، كورد دوا بەدوای ئەم رووداوە، لە عێراقدا بوو بە خاوەن كەسایەتیی یاسایی و سیاسی و كارگێڕی. ئەگەر لۆزان كوردی كرد بە تابۆ و ناو و بوونی قەدەغە كرد، 11ی سێپتێمبەر تابۆوەكەی شكاند و ددانی نا بە بوونیدا.