دوێنێ شه‌و گۆڤاری فۆرن ئه‌فێرس، راپۆرتێكی له‌سه‌ر ره‌وشی سووریا بڵاو كرده‌وه. له راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سووریا و راوێژكاره‌كانی، نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان به‌ش بكه‌ن، به‌ڵكو چاویان له‌وه‌یه ته‌نیا سوننه حوكم بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت هه‌وڵی به‌دیهاتنی فیدراڵیزم بدات، ئه‌گه‌رنا شه‌ڕی ناوخۆ له سووریا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه.
فۆرن ئه‌فێرس ده‌ڵێت، واشنتن ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا ره‌چاوی پاشخانه تیرۆرستییه‌كه‌ی شه‌رع و كزنه‌بوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری بكات، به‌ڵكو ده‌بێت داواكارییه‌كه‌شیان بۆ رسكاندنی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی له سووریا ره‌ت بكاته‌وه، چونكه هیچ پێكهاته‌یه‌ك متمانه‌ی پێیان نییه و سه‌رئه‌نجام شه‌ڕ و پێكدادان له وڵاته‌كه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
راپۆرته‌كه به دیاریكراوی ئاماژه‌ی به قسه‌كانی تۆم باراك نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ بۆ كاروباری سووریا كردووه، گوتوویه‌تی نه‌ده‌بوو بڵێت ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ فیدراڵیزم نییه و پاڵپشتی له حوكمێكی ناوه‌ندی له دیمه‌شق ده‌كات.
ئه‌مه له كاتێكدایه شه‌رع و حكوومه‌ته‌كه‌ی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك فیدراڵیزمیان ره‌ت كردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێن ئه‌م جۆره له حوكمڕانی ده‌بێته هۆی دابه‌شكردنی سووریا و وه‌ك عێراق و لبنانی لێ دێت. به‌ڵام له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان، به چه‌ند مانگێك، درووز و عه‌له‌وییه‌كان كۆمه‌ڵكوژ كراون، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ردوو پێكهاته‌كه و هه‌روه‌ها كورده‌كان رژدتر داوای فیدراڵیزم بكه‌ن.
هاوكات راپۆرته‌كه ده‌ڵێت، شه‌رع هه‌ر كه هێزی له ده‌ست بوو ئاماده‌یه به‌كاری بهێنێت، وه‌ك له كه‌یسی درووزه‌كان بینرا كاتێك به‌ده‌وییه‌كانی هان دا كۆمه‌ڵكوژیان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئیسرائیلیش ده‌ستوه‌ردانی نه‌كردبا به هه‌زاران كه‌سی تریان لێ ده‌كوژرا.
ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش بۆیان بكرێت هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر كورد، به‌ڵام د‌رك به لاوازیی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی گوتوویانه 100 هه‌زار سه‌ربازیان كۆ كردووه‌ته‌وه، فۆرن ئه‌فێرس ده‌ڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن رووبه‌ڕووی كورد ببنه‌وه، چونكه مه‌شقی پێویستیان پێ نه‌كراوه و چه‌كی چاكیان نییه.