ئورسولا ڤۆن ده‌ر لاین رای گه‌یاند، ئه‌وروپا وه‌ڵامی توندتری بۆ ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئیسرائیل له غه‌زه ده‌بێت. ژماره‌ی كوژراوه‌كانی بۆردمانه‌كانی ته‌لئه‌بیب له كه‌رته‌كه 63 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، هه‌روه‌ها سه‌تان كه‌سیش به‌هۆی برسێتییه‌وه مردوون.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له كۆبوونه‌وه‌ی
یه‌كێتییه‌كه گوتی، ئه‌وروپا "وه‌زیره توندڕه‌وه‌كان"ی ئیسرائیل و نیشته‌جێیه جووه‌كانی كه‌ناری رۆژئاوا سزا ده‌دات، هاوكات پاڵپشتیی دارایی بۆ ئیسرائیل هه‌ڵده‌په‌سێرێت. ڤۆن ده‌ر لاین گوتی، قه‌یرانه مرۆییه‌كه‌ی غه‌زه "قبووڵكراو نییه."
ته‌لئه‌بیب به توندی وه‌ڵامی ڤۆن ده‌ر لاینی دایه‌وه. گیدۆن ساعر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل رای گه‌یاند، "لێدوانه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌یانیی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا جێی نیگه‌رانی بوو، هه‌ندێك له قسه‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی پروپاگه‌نده درۆییه‌كه‌ی حه‌ماس و هاوئاوازه‌كانی بوو."
ئه‌وروپا له‌سه‌ر سزادانی ئیسرائیل كۆك نین. ڤۆن ده‌ر لاین ئه‌مه‌ی ره‌چاو كردبوو، بۆیه گوتی كه ئه‌وروپا پاڵپشتییه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی بۆ ته‌لئه‌بیب راده‌گرێت، به‌ڵام هاوكاریی دارایی مۆزه‌خانه‌ی هۆلۆكۆست و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئیسرائیلی به‌رده‌وامییان ده‌بێت.
له وه‌ڵامدا ساعر رای گه‌یاند كه سه‌رۆكی ده‌سته‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، چووه‌ته ژێر باری فشارێك بۆ تێكدانی پێوه‌ندیی ئیسرائیل و ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش به زیانی ئه‌وروپایه و ئه‌م ره‌فتاره له پێوه‌ندیی دۆستانه شوێنی نابێته‌وه.
ئه‌وروپا بۆ ئیسرائیل هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی بازرگانییه. له 2024 رێژه‌ی 34%ی قه‌باره‌ی بازرگانیی ئیسرائیل له ئه‌وروپاوه هاتووه كه یه‌كسانه به نزیكه‌ی 27 ملیار یۆرۆ، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوئاهه‌نگییه رابگیرێت، زیانێكی گه‌وره به‌ر ئابووریی ئیسرائیل ده‌كه‌وێت.
بڕیار وایه ئه‌مڕۆ ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی پێوه‌ندییه‌كه بدرێت، به‌ڵام پێ ناچێت ده‌نگی ته‌واو بهێنێت، چونكه به‌شێك له په‌رله‌مانتاره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه نین.