"سەرەڕای ملكەچییان بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا ئەگەری لێدانی میلیشیاكان بەردەوامە"

:: PM:05:14:11/09/2025 ‌

عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی هەنگاو دەنێت و لە قۆناغێكی هەستیاردایە، هەر هەڵەیەك تووشی شەڕ و ئاڵۆزی دەكات و هەڵبژاردنەكەی دوا دەخرێت و حكوومەتەكەی دەبێتە فریاگوزاری و دۆخەكە تێك دەچێت، بۆیە ئەمە و گوشارەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، كە هاوكاتن لەگەڵ كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق و ئەگەری گەڕانەوەی داعش، وایان كردووە عێراق هەموو هەوڵێك بدات بۆ توڕەنەكردنی ئەمەریكا.

ماجد شنگالی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، جموجۆڵەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە بە زانیاریی ئەمەریكایە و حكوومەتی عێراقی دەتوانێت وڵاتەكە لە ململانێكانی لە ناوچەكە هەیە دوور بخاتەوە، بەڵام ئەگەری وەشاندنی گورزێك لە لایەن ئەمەریكا بۆ میلیشیاكان هەر ماوە، ئەگەری هەیە ترەمپ هەمان سیناریۆی 2020 لە دژی میلیشیاكان دووبارە بكاتەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی عێراق گوتی، لە سایەی بەشداریكردنی میلیشیاكان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، واشنتن قەناعەتی بەوە هەیە كە بەڕێوەچوونی نیوەی پەرلەمان دەكەوێتە دەستی میلیشیاكانەوە، بۆیەش هەندێك لایەن هەن نایانەوێ هەڵبژاردنەكە بكرێت و ترس لە دواخستنی هەیە، سەبارەت بە كشاندنەوەی یاسای حەشدی شەعبیش لە پەرلەمان گوتی، حكوومەتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ واشنتن كرد و یاساكە دواخرا، چونكە ئەگەر تێپەڕ بكرایە، ئەمەریكا سزای بەسەر عێراق دەسەپاند.

تا ئێستە دیار نییە ئەمەریكا چی دەكات، ئەوەی دیارە داوای هەندێك شت لە عێراق دەكات، لە سەروویانەوەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و نەهێشتنی حەشدی شەعبی و دووركەوتنەوەی لە بازنە و هەژموونی ئێران، كە ئەوەش نە ئێران پێی رازییە و نە شیعەی عێراقیش، كە ترسیان لە لەدەستدانی دەسەڵات هەیە، هەرچی ئەمەریكایە ئەوانی سەرپشك كردووە لە نێوان مانەوەی لە بازنەی ئێران و رووبەڕووبوونەوەی سزاكان، لەوەش خراپتر ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەزموونی سووریا لە عێراق و دابەشكردنی وڵاتەكە زۆر دوور نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل