قەتەڕ چۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە؟

:: PM:05:35:11/09/2025 ‌

لە ماوەی دوایی ئیسرائیل هێرشێكی گەورەی ئاسمانی كردە سەر دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ و كۆبوونەوەیەكی بزووتنەوەی حەماسی لەو وڵاتە كردە ئامانج، ئەگەرچی میدیاكان باسی شكستهێنانی هێرشەكە لە كوشتنی سەركردە باڵاكانی ئەو بزووتنەوە دەكەن، بەڵام هێرشەكە بە توندی سەركۆنە كرا و قەتەڕ بەڵێنی وەڵامدانەوەی داوە.

ئیتای بلومنتال نووسەری سەربازیی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی كەناڵی "كان11"ی ئیسرائیلی باسی پێشبینییەكان لەبارەی هەڕەشەكەی محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی سەرۆك وەزیرانی قەتەڕ بە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە دەكات و دەڵێت، قەتەڕ مووشەكی بالیستی نییە، ئەوەش وا دەكات وەڵامدانەوەی راستەوخۆی بۆ ئیسرائیل سنووردار بێت و پشت بە فڕۆكەی سەربازی ببەستێت.

زیاتر گوتی، ئەگەری هەیە سوود لە ئاسمانی سعوودیە و ئوردن ببینێت لە هێرشەكەی، قسەكانی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیەش بەوەی سعوودیە ئامادەیە بۆ رەخساندنی هەموو تواناكانی بۆ پاڵپشتیكردنی قەتەڕ، بەرجەستەی بوونی هاوئاهەنگیی تەواو لە ناوچەكە لە نێوان دۆحە و ریاز و هاوبەشانیان دەكات.

روونی كردەوە، مەبەستی هەر وەڵامدانەوەیەكی قەتەر بۆ ئیسرائیل گەیاندنی پەیامێكی بەرەپەرچدانەوەیە لە دوای كردنەئامانجی دۆحە، بەڵام جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی پێوەستە بە هەڵسەنگاندنێكی وردی دۆخەكە و هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هاوبەشانی لە ناوچەكە، لەگەڵ چاودێرییەكی چڕی هەڵوێستی ئەمەریكا بۆ خۆلادان لە پەرەسەندنێكی حسێبنەكراو.

شایەنی باسە لە دوای هێرشەكەی دوایی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، سەرۆك وەزیرانی قەتەڕ لە دیدارێكدا گوتی، هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە وەڵامی دەبێت و ئێستە خەریكی تاوتوێكردنی وەردەكارییەكانین لەگەڵ هاوبەشانمان لە ناوچەكە، ئێستە لە ساتێكی هەستیارداین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قسەكانی نەتنیاهۆش بەوەی ناوچەكە رێك دەخەنەوە، بابەتێكی مەترسیدار و قبووڵنەكراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل