شارەزایان: كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا تەنیا بۆ رێكخستنەوەی هێزە

:: PM:05:54:11/09/2025 ‌

بڕیارە لە ماوەی ئەم مانگە تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەبنكە سەربازییەكانیان لە عێراق بكشێنەوە، ئەوەش ئەگەرچی داوایەكی شیعە بوو، بەڵام ئێستە ئەوان ترسیان لێ نیشتووە لە دروستبوونی بۆشاییەكی تەناهی نەتوانن كۆنترۆڵی بكەن و داعش و میلیشیاكان پڕی بكەنەوە، لەوكاتەش كە هەڵبژاردن نزیكتر دەبێتەوە، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كەو جموجۆڵەكانی ئەمەریكا لە عێراق كشانەوە نییە و خۆرێكخستنەوەیە. 

سەگڤان سندی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا ئێستە ئەندامانی پەرلەمان بە فەرمی پێیان رانەگەیەندراوە كە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە دوو بنكەی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا كشاونەتەوە، ناشزانین دوای ئەوان چ هێزێك لەوێ بڵاو دەكرێتەوە و شوێنیان دەگرێتەوە، ئەو بڕیارە وەستاوەتە سەر رێككەوتنی هاوبەشی واشنتن و بەغدا. 

لای خۆیەوە غانی غەزبان شرۆڤەكاری سیاسی و تەناهی دەڵێت، گومان هەیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا راست بێت، بەڵكو بابەتەكە زیاتر رێكخستنەوەی هێزە لەوەی كشانەوە بێت، ئەگەر هەیە هێزەكانی ئەمەریكا ببرێنە بنكەی هەریر لە هەرێمی كوردستان لە بری جێهێشتنی تەواوەتیی عێراق، ئەمەریكا خەرجییەكی زۆری لە بنكەی عەین ئەسەد كردووە و لە 2003ەوە قوربانییەكی زۆری داوە، بۆیە نیازێكی راستەقینەی بۆ كشانەوەی تەواوەتی لە عێراق نییە.

روونی كردەوە، تا ئێستە بنكەی عەین ئەسەد بە فەرمی رادەستی هێزەكانی عێراق نەكراوە و بە دووریشی زانی بنكەكە بدرێتە هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەو بنكانە ستراتیجین و پارەیەكی زۆر لە پەرەپێدانیان خەرج كراوە، بۆیە دوورە بنكەی عەین ئەسەد بدرێتە حەشدی شەعبی، چونكە پێوەستە بە پاراستنی سەقامگیریی تەناهی نەك تەنیا بۆ عێراق، بگرە بۆ سووریا و سعوودیە و ئێرانیش.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل