قەتەڕ: پێوەندیی تەناهی و بەرگریمان لەگەڵ واشنتن لەوپەڕی باشیدایە

:: PM:06:12:11/09/2025 ‌

دوای ئەوەی بەم دواییە ئیسرائیل هێرشی كردە سەر كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ، ئیسرائیل رای گەیاند كە بەر لە هێرشەكە بە ئەمەریكای گوتووە، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد بەو هۆیەوە رەنگە قەتەڕ پێداچوونەوە بە هاوبەشیی تەناهی لەگەڵ ئەمەریكا بكات، كەچی قەتەڕ ئەوە رەت دەكاتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەڕی، دۆحە دووپاتی دەكاتەوە كە پێوەندییە تەناهی و بەرگرییەكانی لەگەڵ واشنتن لەهەر كاتێكی پێشتر بەهێزترە و لە گەشەسەندندایە، راپۆرتەكەی ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، كە لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل هاتووە، هەوڵێكی شكستخواردووە بۆ درزتێخستنی پێوەندییەكانی قەتەڕ و ئەمەریكا، لە لایەن ئەوانەی سوود لە پشێوی لە ناوچەكە دەبینن و دژی ئاشتین.

بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە كە هەردوو وڵات، واتە قەتەڕ و ئەمەریكا، ساڵانێكە پاڵپشتیی یەكتریان كردووە و بەیەكەوە لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە دنیا بەردەوام دەبن.

شایەنی باسە لە دوای هێرشە ئاسمانییەكەی دوایی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە، راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی سەرۆك وەزیرانی قەتەڕ بە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكای بۆ ناوچەكە راگەیاندووە كە وڵاتەكەی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هاوبەشیی تەناهی لەگەڵ واشنتن دەكات و بە دوای هاوبەشی تر دەگەڕێت كە بتوانن بیپارێزن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل