بەم دواییە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سەتان كیلۆمەتریان بە ئاسمانی چەند وڵاتێك بڕی و كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماسیان لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ بۆردمان كرد، شارەزایان پێیان وایە هێرشەكە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانە كە ئەمەریكا و ئیسرائیل خەریكین بۆ نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە.
ئازادكردنی ئیلیزابێس تسۆركۆڤ كچەتوێژەری ئیسرائیلی لە عێراق لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەڕ هات،
د. غازی فەیسەڵ دیپلۆماتكاری پێشووی عێراق و سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوە ستراتیجییەكان دەڵێت، ئازادكردنی تسۆركۆڤ میلیشیاكان لە هێرشێكی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل ناپارێزێت، چونكە رووبەڕووبوونەوەی ئەوان لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل بەردەوامە و چالاكیی ئەوان لە سووریا و لبنان و یەمەن و عێراق رێگە بۆ شەڕ لە داهاتوو خۆش دەكات.
زیاتر گوتی، خەریكە ناوچەی رۆژهەڵات نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێستە 45 بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە كە زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمەریكیان تیادایە، جیا لە كەشتیگەلی سەربازی لە بەحرێن و دەریای سوور و دەریای سپی، بۆیە ئەوەی لە قەتەڕ رووی دا بەشێكە لە ستراتیجیەتی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازكردنی رۆڵی ئێران لە ناوچەكە.
لای خۆیەوە میسال ئالووسی سیاسەتوانی پێشووی عێراق گوتی، هێرشەكەی قەتەڕ گۆڕانكارییەكی گەورە بوو لە پێوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل، كاتێك ئیسرائیل بە وڵاتانی عەرەبی راگەیاند، لەوانەش عێراق، وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە بەشدارییان لە هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەم كردووە، بۆیە ئەگەری هەیە عێراقیش بە هاوشێوەی قەتەڕ دووچاری هێرش ببێتەوە.