ئاژانسێكی ئێرانی: تسۆركۆڤ بەرانبەر بە دوو گیراوی بەرەی موقاوەمەت ئازاد كراوە

:: PM:07:09:11/09/2025 ‌

بەم دواییە ئازادكردنی ئیلیزابێس تسۆركۆڤ كچەتوێژەری ئیسرائیلی بە رەگەز رووسی لە بەغدا لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقییەوە ئازاد كرا و حكوومەتی عێراق رادەستی باڵوێزخانەی ئەمەریكای كرد، وردەكاریی ئازادكردنی ئاشكرا نییە، تەنیا راپۆرتەكان هەرەیەكە و بە جۆرێك شیكردنەوەی بۆ دەكەن، ئاژانسێكی ئێرانی دووپاتی كردەوە كە تسۆركۆڤ بەرانبەر بە دوو گیراوی بەرەی موقاوەمەت لای ئیسرائیل ئازاد كراوە.

ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی گوتی، چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری عێراقی ئاماژەیان كرد كە ئیلیزابێس تسۆركۆڤ گیراوە ئیسرائیلییەكە بەر لە دوو رۆژ بەرانبەر بە دوو گیراوی بەرەی موقاوەمەت ئاڵوگۆڕی پێ كراوە، لەوكاتەی ئەمەریكییەكان گوتیان ئەوان ئازادیان كردووە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە یەكێك لە گیراوەكانی بەرانبەر بە تسۆركۆڤ ئازاد كراوە، عیماد ئەمهەز ئەندامی حزبوڵای لبنانی كە، ئاژانسەكە بە هاووڵاتییەكی لبنانی ناو دەبات، ساڵی رابردوو لە لایەن هێزەكانی كۆماندۆزی ئیسرائیل لە باكوری لبنان رفێنراوە، كاتێك هێزە ئیسرائیلییەكان هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكەی لە گوندی بیتروون لە باكوری لبنان و ئەویان رفاند، بە پاساوی ئەوەی سەركردەیەكی دیاری حزبوڵای لبنانییە.

رفاندنی تسۆركۆڤ لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق بۆ سێ ساڵ دەچێت، پێشتر راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە ئەو زیندووە و ئەگەری هەیە بەرانبەر بە بڕێك پارە ئازاد بكرێت، بەڵام دواتر چەند رووداوێك هاتنەپێش و ژمارەیەك لە ئەندامی بەرەی موقاوەكەت، واتە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لە ناوچەكە گیران، لەوانە لە لبنان و لە عێراقیش لە هێرشەكەی بەغدا بۆ سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی كەرخ، ژمارەیەك ئەندامی كەتیبەكانی حزبوڵا گیران، بۆیە بەپێی زانیارییەكان ئەگەری زۆرە ئازادكردنی تسۆركۆڤ بەرانبەر بە ئازادكردنی ژمارەیەك گیراوی ئێرانی و حزبوڵای لبنان و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی بووبێت لای ئیسرائیل و حكوومەتی عێراق. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل