سەرۆکی پێشووی بەرازیل بۆ ماوەی 27 ساڵ خرایە زیندانەوە

:: AM:09:19:12/09/2025 ‌
دادگایەکی بەرازیل، ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوول سزای 27 ساڵ و سێ مانگ زیندانیی بەسەر جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەدا سەپاند، ئەمەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا و تێکدانی دیموکراسی.

بەپێی ماڵپەڕی هەواڵی "جی 1" بازنەی یەکەمی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی بێوێنەی لە مێژووی وڵاتەکەدا دەرکردووە و بۆلسۆنارۆی بە "پلاندانان بۆ کودەتا" تاوانبار کردووە.

بۆلسۆنارۆ، کە لەنێوان ساڵانی 2019 و 2023 سەرۆکی بەرازیل بوو، دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022 بە لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، ڕەتی کردەوە ددان بە ئەنجامەکاندا بنێت.

هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، لە هەشتی كانوونی دووەمی 2023، هەزاران لایەنگری بۆلسۆنارۆ هێرشێکی توندیان کردە سەر باڵەخانەکانی کۆنگرێس، دادگای باڵا و کۆشکی سەرۆکایەتی و لەو ڕۆژەدا پۆلیس نزیکەی دوو هەزار کەسی گرت.


وشە - پۆڵا مەحموود