کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد: بۆ 2026 پشتیوانی بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

:: AM:10:23:12/09/2025 ‌
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی بۆ ساڵی دارایی 2026 بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد، کە چەندین بڕگەی گرنگ لەخۆدەگرێت سەبارەت بە درێژکردنەوەی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هێزە هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا و زیادکردنی چاودێری لەسەر چالاکییەکانی تورکیا.

پشتیوانی بۆ هێزە هاوپەیمانەکان "پێشمەرگە و هەسەدە"
یاساکە بە ڕوونی دووپات لەسەر درێژکردنەوەی پرۆگرامی پشتیوانیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ هێزە هاوپەیمانە عێراقییەکان / هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکی سەرەکییەتی/ دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی "داعش".

پڕۆژەیاساکە بڕی 212.5 ملیۆن دۆلاری بۆ سندوقی ڕاهێنان و پڕچەککردنی دژ بە "داعش" لە عێراق تەرخان کردووە. ه
اوکات، بڕی 130 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی "گرووپە سوورییە جێی متمانەکان" تەرخان کردووە، کە ئاماژەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات.

چاودێریی توندی تورکیا و قەدەغەکردنی ڕێکخراوی بەدر
پڕۆژەیاساکە وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا پابەند دەکات بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر چالاکییەکانی تورکیا لە سووریا و عێراق بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا "پشتیوانیی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات یان پێشێلکاری ئەنجام دەدات کە دەبێتە هۆی قەیرانی مرۆیی".

هەروەها، بڕگەیەکی گرنگی تری یاساکە بریتییە لە قەدەغەکردنی هەر جۆرە پارەدارکردنێک بۆ ڕێکخراوی بەدر.

هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی جەنگ لە عێراق
لە هەنگاوێکی مێژووییدا، ئەنجوومەنی نوێنەران هەردوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی پەیوەست بە عێراقەوە (هی ساڵانی 1991 و 2002) هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆک) و دەسەڵاتی یاسادانان (کۆنگرێس) لە بڕیارەکانی جەنگدا.

پڕۆژەیاساکە ئێستا پێویستی بە پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیران و دواتر واژۆکردنی لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە هەیە بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی کارپێکراو.


وشە - پۆڵا مەحموود