بە دروستکردنی پێنج پارکی گەورە و چاندنی 40 هەزار دار... هەولێر سەوزتر دەکرێت

:: PM:12:11:12/09/2025 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی پایتەخت، پێنج پارکی گەورەی نوێ لەسەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی لە ناوەندی شاری هەولێر دروست دەکرێن و بڕیارە هەر ئەمساڵ تەواو ببن.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوول، وردەکاریی پڕۆژەکانی ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، بە گشتی لەم پڕۆژانەدا زیاتر لە 40 هەزار داری جۆراوجۆر دەچێنرێن.

پڕۆژە نوێیەکان ئەمانەن:
پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری: لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و نزیکەی هەشت هەزار داری تێدا دەچێنرێت. لە ئێستادا 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

پارکی ڕەشکین: لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و 16 هەزار داری تێدا دەچێنرێت. 50%ی کارەکانی تەواو بووە.

پارکی گەڕەکی نازدار: لەسەر ڕووبەری چوار دۆنم زەوی دروست دەکرێت و شەش هەزار داری تێدا دەچێنرێت. 80%ی کارەکانی تەواو بووە.

پارکی گەڕەکی ژیان: لەسەر ڕووبەری حەوت دۆنم زەوی دروست دەکرێت و پێنج هەزار داری تێدا دەچێنرێت. 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری: ڕووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

جێی باسە، شاری هەولێر لە ئێستادا خاوەنی 26 پارکی گەورە، 204 باخچەی بچووک، 209 دارستان، 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورەیە، و بەم پڕۆژە نوێیانە ڕێژەی سەوزایی زیاتر دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود