بڕیارە دووشەمی داهاتوو 15ی ئەیلوول پەرلەمانی عێراق هەشتەم دانیشتنی ئاسایی ئەم خول و ساڵ و وەرزەی یاسادانان ساز بكات، كارنامەی دانیشتنەكەی بڵاو كردەوە كە 11 بڕگە لەخۆ دەگرێت.
بەپێی كارنامەی دانیشتنی دووشەمی داهاتووی
پەرلەمان، بڕگەكان بریتین لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای سێیەم هەمواری یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان لەوانەی بەشێكی جەستەیان بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی رژێمی پێشوو لەدەست داوە، ژمارە پێنجی ساڵی 2009، دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی و تیشكی و كیمیایی و بایۆلۆجی ژمارە یەكی ساڵی 2024.
دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای رێكخستنی وزەی نوێبووەوە، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسندكردنی رێككەوتننامەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنانی دوولایەنە لە نێوان عێراق و سعوودیە، دەنگدتن لەسەر پڕۆژەیاسای چوارەم هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵ ژمارە 20ی 1998، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای یەكەم هەمواری یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی 2013.
یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای سێیەم هەموەاری یاسای راژەی زانكۆیی ژمارە 23ی ساڵی 2008، یەكەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای دووەم هەمواری یاسای سندووقی پێدانی قەرزی ئاسانكراوی كشتوكاڵی ژمارە 28ی 2009، دووەم خوێندنەوە بۆ پێشنیازی یاسای یەكەم هەمواری یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانكراوی داهاتی فیدراڵی ژمارە 55ی ساڵی 2017، دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای كۆلێجی فڕۆكەوانیی سوپا.