قەنبەر: یاسای حەشدی شەعبی تێپەڕ بكرێت كارەسات روودەدات

:: PM:08:38:13/09/2025 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق بە بێدەنگی راكێشرایەوە، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دركیان بە رژدیی گوشارەكانی ئەمەریكا و مەترسیی هەڕەشەكانی سەر داهاتووی خۆیان و حكوومەت و دەسەڵاتەكەیان كرد و یاساكەیان بە پاساوی دواخستن بۆ خولی نوێی پەرلەمان راكێشایەوە، سیاسەتوانێكیش پێی وایە ئەگەر یاساكە تێپەڕ بێت كارەسات روو دەدات.

ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی عێراقی كە لە واشنتن دادەنیشێت وریایی لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی دەدات بەوەی عێراق دەباتە ناو كارەسات و ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی نەوت و بانكیی عێراق هەیە، ئاماژە دەكات كە پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمەریكا یەك نییە و ئاڵۆزە، چونكە عێراق وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو و خاوەن سەروەرییەكی تەواو بەڕێوە ناچێت.

روونی كردەوە، هەر پێكهاتەیەكی عێراق بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، كورد پێوەندییەكی مێژوویی و بەهێزیان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، كە لە سەردەمی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ زۆر باشتر بووە و ئێستە سەقامگیرە، سوننەش بە رووی ئەمەریكا كراونەتەوە و هەوڵی پارێزگاری لە پێوەندیی سیاسی و كەسی لەگەڵ دەدەن، بەڵام كێشەكە هێزەكانی چوارچێوە و میلیشیاكانی ئێرانن، كە نەیاری واشنتنن.

سەبارەت بە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و یاسەكەی گوتی، دەستووری عێراق لە 2005 باسی قەدەغەی پێكهێنانی هێز لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەكات، بەڵام هێزە شیعەكان هەڵگەڕانەوە و حەشدی شەعبییان پێك هێنا، رەنگە ئەوانە باسی پێشمەرگە بكەن وەك هێزێكی چەكدار، بەڵام دەستووری عێراق مافی پێكهێنانی پاسەوانی هەرێمی لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی بۆ هەرێم داوە، لەوكاتەی حەشدی شەعبی دەستووری نییە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل