ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دووپاتی كردەوە كە پابەندن بە دیدی هاوبەشی سیاسیی كۆنگرەی یەكڕیزیی كورد لە قامیشلو، هاوكات دووپاتی لە پێویستی كاراكردنی رۆڵی شاندی هاوبەشی كوردی و بواردان بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی لە رەوتی سیاسی كردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادوەرانە بۆ دۆزی كورد لە سووریا.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو سەركردایەتیی ئەنەكەسە لە لایەن حكوومەتی سووریا بۆ دیداری ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە دیمەشق بانگهێشت كرا، ئەمڕۆ شەموو لە دوای كۆبوونەوەی ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنەكە بەیاننامەیەك دەرچوو و پابەندی تەواوەتیی ئەنەكەسەی بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكڕیزیی كورد كە لە 26ی نیسانی رابردوو لە قامیشلو دووپات كردەوە، ئاماژەی بۆ پێویستیی كاراكردنی رۆڵی شاندی هاوبەشی كوردی و بواردانی بە بینینی ئەركی لە رەوتی سیاسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادوەرانە بۆ دۆزی كورد لە سووریا كردەوە.
ئەنەكەسە پێی وایە هەر چارەسەرێك دەبێت مسۆگەری مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد بكات لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی دیموكراسی لە سووریا كە نامەرگەزی و یكگرتوو بێت، كۆبوونەوەكە دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئەو یەكڕیزییەی لە هەڵوێستی كورد لە كۆنگرەكەی قامیشلو دروست بووە، هەنگاوێكی گرنگە و پێویستە پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشییەكی كردەنی لە نێوان لایەنە كوردییەكان لەسەر بنەمای رێككەوتنی 2014ی دهۆك و لێكتێگەیشتنەكانی دوای ئەوە لە 2020، لەوانەی پێكهێنانی مەرجەعیەتێكی كوردی.