ڤێنزوێلاییەكان خۆیان بۆ شەڕی ئەمەریكا ئامادە دەكەن

:: PM:08:34:14/09/2025 ‌

هەزاران كەسی خۆبەخش لە ڤێنزوێلا بەپیر داوایەكی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان چوون و پێوەندییانە بە بنكە سەربازییەكان كرد بۆ فێربوونی بەكارهێنانی چەك بۆ شەڕێكی گریمانكراو لەگەڵ ئەمەریكا، ئەوان بەڵێنیان دا ئەگەر سەربازانی ئەمەریكا بێنە ناو خاكی وڵاتەكەیان تەقەیان لێ بكەن.

لەوكاتەی ئەمەریكا چەندان كەشتی جەنگی لە ناوچەی كاریبی لە چوارچێوەی هەڵمەتێك بۆ نەهێشتنی مادەی هۆشبەر بڵاو كردەوە، سەرۆكی ڤێنزوێلا جموجۆڵەكانی ئەمەریكای بە هەڕەشە بۆ وڵاتەكەی لەقەڵەم دا و داوای لە خەڵك كرد بچنە ریزی گرووپە چەكدارەكانەوە، داواشی لە گەنجان و سوپای یەدەگ كرد بچنە بنكە سەربازییەكان بۆ فێربوونی چۆنیەتی تەقەكردن و بەرگریكردن لە وڵات.

لە ناوچەی فۆرتی تیونا لە كاراكاس، كە ناوچەیەكی فرەوانی سەربازییە، خۆبەخشەكانی لە پایەتەختەوە هاتوون، لەوێ لە پاس و ئۆتۆمبێلەكان دادەبەزن و جلوبەرگی مەدەنی و سەربازیان پۆشیوە، ئەوان لە تەمەنی جیاوازدان، وەك خۆیان دەڵێن هاتوون فێری چۆنیەتی بەرگریكردن لە خۆیان و وڵاتەكەیان ببن، كاتێك دەبرێنە گۆڕەپانێكی فرەوانی تەقەكردن. 

شایەنی باسە لە ماوەی دوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی باندەكانی مادەی هۆشبەر، بڕیاری دا بە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك كەشتیی سەربازی لە دەریای كاریبی، لەوكاتەی واشنتن سەرۆكی ڤێنزوێلا بە بەڕێوەبردنی تۆڕێكی مادەی هۆشبەر تۆمەتبار دەكات و ئەویش رەتی دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی دوو لە كوڕەكانی برای هاوسەرەكەی لە نیویۆرك تۆمەتەكەیان لەسەر ساغ بووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل