شه‌قامه‌كانى عێراق به‌ر له واده‌ى خۆیان، پڕ كراون له پۆسته‌ر و دروشمى حزبه‌كان، بوارى ئه‌لیكترۆنى به پروپاگه‌نده‌ى پێشوه‌خته ده‌كوڵێ. به‌شێوه‌یه‌ك په‌رله‌مانتاران گومان له تواناى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاتر ده‌بێت له‌وه‌ى بتوانێ رێكارییه‌كان بسه‌پێنێ. هه‌رچه‌نده كۆمسیۆن رای گه‌یاندووه پێبژاردن و سزاى بۆ پێشێلكارییه‌كان هه‌یه و لیژنه‌ى چاودێرى داناوه، به‌ڵام ئه‌و رێكارییانه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى گره‌نتى ئه‌وه بكرێت هه‌ڵبژاردنى داهاتوو بێگه‌رد ده‌بێت، یانیش حزبه‌كان به شێوازى جیاواز خۆیان له یاساكان ده‌دزنه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك له سه‌رووى تواناكانى كۆمسیۆنه‌وه بێت؟
محه‌مه‌د عنووز ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى عێراق، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێ، "كارى یاریكردن و ساخته‌كاریى ته‌نیا به كاندیده‌كان به‌ڕێوه ناچێت، به‌ڵكو ده‌زگاى هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌تى حزبه‌كان كار بۆ هه‌مان ئامانج ده‌كه‌ن. كۆمسیۆن رێكاریى گرنگى گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ رێگرتن له ساخته‌كارى، له‌وانه گۆڕینى كارتى ده‌نگدان له كارتێكى ئاساییه‌وه بۆ كارتێكى ئه‌لیكترۆنى كه به سیستمى په‌نجه‌مۆر كار ده‌كات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌لایه‌ن هه‌ندێك كاندیده‌وه بۆ كڕینى كارتى بایۆمه‌ترى و فریودان به پاره".
عه‌نووز ده‌شڵێ، "به‌رپرسانى ده‌وڵه‌تى عێراق پێگه و پۆسته‌كانى خۆیان له فه‌رمانگه و دامه‌زراوه و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌ته‌كانیش به‌كار هێناوه بۆ به‌ده‌ستهێنانى سوودى هه‌ڵبژاردن. هه‌رچه‌نده حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات له رێگه‌ى زنجیره‌یه‌ك رێنوێنى و بڕیار رێگریى بكات، به‌ڵام وه‌ك روونه حزبه‌كان ئه‌زموونێكى زۆریان له فێڵكردن هه‌یه، بۆیه هه‌ندێك ساخته‌كاریى ئه‌نجام ده‌درێت.
حه‌سه‌ن هادى زایه‌ر ئه‌ندامى تیمى راگه‌یاندنى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان رای گه‌یاند، سزاكان سه‌پێنراون، لیژنه سه‌ره‌كى و لاوه‌كییه‌كان خراونه‌ته كار بۆ تۆماركردنى سه‌رپێچییه‌كان، هه‌روه‌ها تاقیكردنه‌وه به ته‌واوى ئامێره‌كان كراوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر له ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن، گره‌نتى بێگه‌ردى به‌ڕێوه‌چوونى بكرێت.
هه‌رچه‌نده یاساى هه‌ڵبژاردن به ژماره‌ى چوارى 2023 ى هه‌مواركراو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مواركردنه‌ى بۆ كۆمسیۆن كراوه، به روونى واده‌ى ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌ته‌كانیان ده‌ستنیشان كردووه له‌گه‌ڵ رێكاره دارایى و كارگێڕییه‌كانی، كه‌چى له واقیعدا سیاسه‌تێكى دووفاقى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كار ده‌هێنرێت، گوایه ئه‌مه وه‌ك ئامرازێكى سه‌پاندنى سیماكانه به یاده‌وه‌رى جه‌ماوه‌ر به‌ر له‌وه‌ى ركابه‌ره‌كان بێنه گۆڕه‌پانه‌كه‌وه.
له ماوه‌ى رابردوودا له هه‌ندێك پارێزگا به‌تایبه‌تى له ناوچه میلى و هه‌ژاره‌كان، كاندید و سیاسه‌تمه‌داره ناسراوه‌كان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به پاساوى چاودێرى بارودۆخى خزمه‌تگوزارى و دابینكردنى پێداویستى هاووڵاتییان. بۆیه چه‌ندان ڤیدیۆى كاندیده‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه به پیاوان و ژنانه‌وه، كه به زمانێكى توند قسه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان و هه‌ندێك به‌رپرسى خۆجێى ده‌كه‌ن. ئه‌م دیارده‌یه زیادى كردووه.
هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌كى زۆره وێنه‌ى هه‌ندێك له كاندیده‌كان له‌گه‌ڵ وێنه‌ى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه بڵاو كراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها وێنه‌ى هه‌ندێك كاندیدى تر له‌گه‌ڵ وێنه‌ى فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى بڵاو كراونه‌ته‌وه. به‌ڵام نووسینگه‌ى سیستانى هه‌رزوو په‌یامێكى ناڕه‌زایى بڵاو كرده‌وه و داواى له لایه‌نه‌كان كرد رێگریى له‌و حاڵه‌ته بكه‌ن.
جومانه غلاى گوته‌بێژى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له ماوه‌ى رابروودا رای گه‌یاند، لیژنه‌یه‌كى چاودێرى له نووسینگه‌ى نیشتمانى پێكهاتووه و چه‌ندان لیژنه‌ى لاوه‌كى هه‌یه له پارێزگاكان. ئه‌ركى ئه‌و لیژنانه ئه‌وه‌یه تۆمارى پێشێلكارییه‌كان بكه‌ن و ئاگاداركردنه‌وه‌كان له فه‌رمانبه‌ران و چاودێران وه‌ربگرن. روونیشى كرده‌وه سه‌رپێچییه‌كان بریتین له راگه‌یاندنى كاندید، بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه و دروشم به‌ر له واده‌ى ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.
به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرته‌ى كه ماڵپه‌ڕى
عاله‌م جه‌دید ئه‌نجامى داوه، له عێراق به ده‌یان و سه‌تان پێگه و ئه‌كاونت كراونه‌ته‌وه بۆ بانگه‌شه‌كردن بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاندیده‌كان، ئه‌مه‌یش پرسیارى ئه‌وه دروست ده‌كات، سزاكان چه‌نده كاریگه‌رییان ده‌بێت و چه‌نده هه‌ڵبژاردنى داهاتوو بێگه‌رد ده‌بێت.