سه‌نته‌رى نه‌خیل: هێشتا عێراق به‌ ده‌وڵه‌تێكى سته‌مكار داده‌نرێت

:: PM:03:48:15/09/2025 ‌
له‌ رۆژى جیهانى بۆ دیموكراسى، سه‌نته‌رى نه‌خیل بۆ مافه‌كان و ئازادى رۆژنامه‌وانى له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا دڵێ، "هێشتا عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سته‌مكار داده‌نرێت له‌ ریزبه‌ندى 128 وڵات، ئه‌مه‌یش ئابڕووچوونه‌ بۆ وڵاتێك كه‌ 20 ساڵه‌ زیاتر سیستمه‌كه‌ى بۆ دیموكراسى گۆڕاوه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 15ى ئه‌یلوول، له‌ رۆژى جیهانى دیموكراسى، سه‌نته‌رى نه‌خیل بۆ مافه‌كان و ئازادى رۆژنامه‌وانى راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، "به‌ پێویستى ده‌زانین ئاوڕ له‌وه‌ بده‌ینه‌وه‌ له‌ پێنوێنى دیموكراسى، عێراق هێشتا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سته‌مكار پۆلین ده‌كرێت له‌ ریزبه‌ندى 128 دێت له‌ كۆى 167 وڵاتدا".

سه‌نته‌رى نه‌خیل دامه‌زراوه‌یه‌كى ناحكوومى به‌ناوبانگى عێراقه‌، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێ، "له‌ 10 خاڵ عێراق ته‌نیا 2.8 خاڵى هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش پله‌یه‌كه‌ به‌ ئابڕووچوون داده‌نرێت بۆ وڵاتێك كه‌ زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ له‌ سیستمێكى سته‌مكارییه‌وه‌ بۆ دیموكراسى گۆڕاوه‌".

له‌ كۆتایى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌، "دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ دیموكراسى له‌ عێراق ته‌واو نابێت ته‌نیا به‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ پڕه‌ له‌ كه‌موكوڕى، بێ بوونى پڕۆژه‌ى سیاسى و چینێكى ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ باوه‌ڕى به‌ دیموكراسییه‌ك هه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنێك به‌راستى خواستى خه‌ڵك بنوێنێ و شه‌فافییه‌ت و دادپه‌روه‌رى هه‌بێت، نه‌ك به‌كارهێنانى تۆقاندن و فریودان، نه‌ك سنوورداركردنى ئازادى راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانى به‌ كڕینى ده‌نگى ره‌خنه‌گر، یان كپكردن له‌ رێگه‌ى ترساندن و گوشار بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى راگه‌یاندن، به‌شێوه‌یه‌ك یان ملكه‌چى ده‌سه‌ڵات بێت، یانیش چاره‌نووسى به‌ره‌و نه‌مان بێت".




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل