ئەمڕۆ كارەكانی لووتكەی نائاسایی عەرەبیی ئیسلامی لە دۆحە بۆ باسكردنی هێرشەكەی دوایی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەڕ دەستی پێ كرد، لای خۆیەوە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە هێرشەكەی سەر سەركردەكانی حەماس لە دۆحە بڕیارێكی تەواو ئیسرائیلی بووە و بەدووری نازانن هێرشی تریان بكەنە سەر لەهەر كوێیەك بن.
نەتنیاهۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، ئیسرائیل بەرپرسیارەتیی تەواو لە هێرشەكەی سەر سەركردەكانی حەماس لە دۆحە دەگرێتە ئەستۆ، كە سێشەمی رابردوو رووی دا، دووپاتی كردەوە كە دووڕووییەك لەبارەی سەركۆنەكردنی ئیسرائیل لە دوای هێرشەكە هەیە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی كرد ناتوانین ئاماژە بكەین كە هێرشەكەی دۆحە شكستی هێناوە، چونكە راپۆرتەكان لەبارەی ئەوان كۆتایی نەهاتووە، بەگشتی هێرشەكە پەیامێك بوو بۆ تیرۆریستان بەوەی دەتوانن خۆیان بشارنەوە، بەڵام ناتوانن هەڵبێن، بۆیە حەماس لەهەر وڵاتێك بێت پارێزراو نابێت.
نەتنیاهۆ ئاشكرای كرد كە بەدووری نازانم هێرشی زیاتر بكەینە سەر حەماس لەهەر كوێیەك بن، بەڵكو دەمانەوێ لەوە دڵنیا ببینەوە بەوەی بۆ لەمەودوا حەماس نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا باشترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە و هاوپەیمانیەتییەكەمان لە باشترین دۆخیدایە و ترەمپ دۆستێكی گەورەی ئیسرائیلە.