عێراق لەناو مادەی هۆشبەر نقووم بووە و شیعە هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن

:: PM:05:36:15/09/2025 ‌

ئێستە باند و گرووپ و میلیشیاكان لە عێراق، تەنانەت هۆزەكانیش بە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ بازگە و هێزە تەناهییەكانەوە خەریكی بازرگانیكردنن بە مادەی هۆشبەر، عێراق بووەتە بەشێك لە تۆڕێكی فرەوانی بازرگانیكردن بەو مادەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە عێراق جیا لەوەی بازاڕێكە، بووەتە رێڕەوێكیش هاتوچۆی ئەو مادەیە بەتایبەتی كریستاڵ.

عێراق خاوەنی سنوورە لەگەڵ شەش دەوڵەتی ناوچەكە، بووەتە ئەڵقەیەكی گرنگی بەیەكەوەبەستنەوەی شوێنی هاتن و چوونی چوونی مادەی هۆشبەر، واتە كێڵگە و كارگەی بەرهەمهێنتان و بازاڕەكەی، عەدنان كنانی ئەفسەری خانەنشین دەڵێت، عێراق بە پێی شوێنە ستراتیجییەكەی و هاوسنووری لەگەڵ شەش دەوڵەت، پێگەیەكی گرنگی لە بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەیە، واتە تەنیا رێڕەو نییە، بەڵكو بەشێكە لە تۆڕێكی فرەوان و ئاڵۆزی ناوچەكە و هاوكات بازاڕ و رێڕەوی رۆیشتنە.

لەوكاتەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە توندترین و تۆكمەترین خاڵەكانی چاودێری و گرتن و كۆنترۆڵكردنی مادەی هۆشبەر و زۆرینەی ئەو مادە هۆشبەرەی دێت لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و سووریا و باشووری لبنانە و ئاراستەكەشی بەرەو ئوردن و كەنداوە، واتە میلیشیا شیعەكان لە تەواوی سنوورەكانی عێراق، هەروەها ئەو باندانەشی پاڵپشتییان دەكەن، لەو كارە تێوەگلاون و لە پاڵ قاچاغی نەوت و چەك و دۆلار خەریكی ئەو بازرگانییە پڕداهاتەشن، كەچی بەرپرسانی شیعە لە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بەردەوامن.

موختار مووسەوی پەرلەمانتاری شیعە دەڵێت، بۆشاییەكی مەترسیدار بەدرێژایی سێ كیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، لەوێ كاری قاچاغی مادەی هۆشبەر دەكرێت، ئەو ناوچەیە بە باشی كۆنترۆڵ نەكراوە و لەژێر دەستی هەرێمە، پێویستە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەگینا ناوچە سنوورییەكانی تر لەگەڵ سووریا لەژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقن هیچ كێشەیەكیان نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل