رۆژنامه‌ى مه‌دا ئاشكراى كردووه، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه په‌یام به نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا دراوه، له‌وه‌ى خۆیان له زه‌برى ئیسرائیل به دوور بگرن، به‌وه‌ى رێگه نه‌ده‌ن هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى میلیشیاكانى حووسى و حه‌ماس له عێراق بكرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 16ى ئه‌یلوول، رۆژنامه‌ى
مه‌دا ئاشكراى كردووه، په‌یام به سه‌ركرده‌یه‌كى عێراق دراوه به‌وه‌ى خۆیان له زه‌برى ئیسرائیل به دوور بگرن، به تایبه‌تى كه ده‌زانرێت ئیسرائیل چه‌ندان ساڵه عێراقى به یه‌كێك له‌و حه‌وت لایه‌نه داناوه كه سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشه‌كه‌ى.
له ورده‌كاریى راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه ئاشكرا كراوه، جۆش هاریس رێكخه‌رى كاروبارى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، ئه‌و په‌یامه‌ى به نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا داوه. رۆژنامه‌كه باسى له‌وه‌یش كردووه، سه‌ركرده‌كانى عێراق له‌وه ئاگادار كراونه‌ته‌وه، رێگه به هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى میلیشیاى حووسى و بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس نه‌ده‌ن له عێراقدا ئه‌نجام بدرێن، به تایبه‌تى ده‌زانرێت له ساڵانى رابردوو حووسییه‌كان چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌یان له عێراق كردووه.
هه‌فته‌ى رابردوو ئیسرائیل هێرشى كرده سه‌ر شاندی گفتوگۆى حه‌ماس له ده‌وحه‌ى پایته‌ختى قه‌ته‌ر، به‌رپرسانى ئیسرائیل دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، سه‌ركرده‌كانى حه‌ماس له هه‌ر شوێنێك بن، ئه‌وا هێرشیان ده‌كه‌نه‌سه‌ر.