موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در، هۆشداریى به به‌رپرسانى عێراق ده‌دات و ده‌ڵێ، "له بیریان مه‌كه‌ن له بیرتان ده‌كه‌ن". داوایش ده‌كات به‌رپرسانى عێراق له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئاو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ى ئه‌یلوول، موقته‌دا سه‌در په‌یامێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ده‌ڵێ، "ئاشكرایه ته‌نگژه‌ى ئاو له دنیا گه‌یشتووه‌ته عێراق و زه‌نگى مه‌ترسى لێى دا. به‌تایبه‌تى دواى نه‌مانى یه‌ده‌گى ئاوى و كه‌مى ئاوى باران و رووباره‌كان". بۆیه سه‌در داوا له لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانى عێراق ده‌كات په‌له بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ن بۆ زیادكردنى به‌شه ئاوى عێراق.
سه‌در هۆشداریى ده‌دات و ده‌ڵێ، "هه‌ر دواكه‌وتنێك زیانى ته‌ندروستى و كشتو‌كاڵى ده‌بێت". دواتریش سه‌در به به‌رپرسانى عێراق ده‌ڵێ، "وه‌ك ئه‌وانه نه‌بن گه‌له‌كانیان له بیر كرد، گه‌لیش له بیرى كردن" له كۆتایى په‌یامه‌كه‌ى سه‌در دووپاتى ده‌كاته‌وه، ململانێیه‌كانى هه‌رێمه‌كه خه‌ریكه قورسایى خۆى له‌سه‌ر عێراق داده‌نێت.