ماوەیەكە گوشارێكی گەورەی ئەمەریكا لەسەر عێراق هەیە بۆ داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، جیا لەوە داوای یەكخستنی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكانی عێراق كرد و بە گوشار یاساكەی لە پەرلەمان كشاندەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چوار میلیشیای عێراقی بە فەرمی خستە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ئەمڕۆ چوارشەم لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەكە هاتە بڵاوكردنەوە، هەریەك لە گرووپەكانی نوجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا و بزاوی ئەنساروڵای ئەوفیا و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، وەك تیرۆریستی دنیایی پۆلێن كراون، ئێران كە گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیكارە بۆ تیرۆر لە دنیا، لە پاڵپشتیكردنی ئەو میلیشیایانە بەردەوامە، ئەوەش بواری پلاندانان و جێبەجێكردنی هێرشەكانیان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بۆ ئەوان رەخساندووە.
بەپێی بەیاننامەكە ئەو گرووپان چەندان هێرشیان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و بنكە سەربازییەكانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەخۆ دەگرن، ئەنجام داوە و زۆر جار بە ناوی وەهمی و خوازراوەوە بۆ شاردنەوەی تێوەگلانیان ئەو كارانەیان ئەنجام داوە، ئەو سزادانەش لە چوارچێوەی یاداشتی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆكایەتی ژمارە دوو دێت، كە سەرۆك ترەمپ دەری كردووە و باسی سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران دەكات بۆ بڕینی سەرچاوەی پاڵپشتی لە رژێمەكە و بریكار و هاوبەشە تیرۆریستەكانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا لە بەكارهێنانی هەموو ئامرازێكی بەردەست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەناهییە نیشتمانییەكانی بەردەوام دەبێت، هەروەها رێگرتن لە گەیشتنی پاڵپشتی بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان.