بڕیار بوو ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق سێ دانیشتن ساز بكات و كارنامەی دانیشتنەكانی بڵاو كردەوە، بەڵام بۆ سێیەم رۆژە لەسەر یەك پەرلەمانەكە بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان لە سازكردنی دانیشتن شكست دێنێت و ئەمڕۆش دانیشتنەكەی دوا خست.
فەرمانگەی راگەیاندنی
پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەم بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی دانیشتن دوا خرا، كە بڕیار بوو ژمارەیەك پڕۆژەیاسا تاوتوێ بكات.
لای خۆیەوە سەڵاح تەمیمی پەرلەمانتار لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی ئەندامان بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان گوتی، سەرقاڵیی ئەندامانی پەرلەمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن و جێهێشتنی رۆڵی یاسادانانی خۆیان هۆكاری سەرەكییە بۆ ئامادەنەبوون و سازنەكردنی دانیشتەكان، دووپاتی كردەوە بابەتی ئامادەنەبوونی بەهۆی هەڵبژاردن تەنیا پەرلەمانتارانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو وەزیر و بریكار و بەڕێوەبەرانیشی گرتووەتەوە.