راپۆرتێك: مادەی هۆشبەر كۆمەڵگەی عێراق وێران دەكات

:: PM:05:44:17/09/2025 ‌

بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە عێراق تەنیا بابەتێكی تاوانكاریی راگوزەر نەماوە، بەڵكو بووەتە تەنگژەیەكی قووڵی كۆمەڵگەیی كە هەڕەشە لە بنیاتی كۆمەڵایەتی و دەروونیی دەوڵەت دەكات، تەشەنەكردنی بەربڵاوی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو مادەیە راستەوخۆ كاری كردووتە سەر گەنجان، كە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگەن، ئەوانی خستووەتە ناو بازنەیەكی تاریك لە ئاڵوودەبوون و شێوانی هەڵسوكەوت و ئاكاریان، ئەوەش وای كردووە كۆمەڵگەی عێراق بەرەو وێرانبوون بچێت.

بەپێی ئامارە فەرمی و نافەرمییەكان لە عێراق بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە ساڵانی دوایی روو لە هەڵكشانەوە و ئەوەش تێكڕای خۆكوشتن و تاوان و توندوتیژی و رەفتارە دزێو و لادەرەكانی وەك لادانی سێكسی و دەستدرێژی بۆ سەر خزم و كەسوكاری زیاتر كردووە، دەری خست كە بابەتەكە لە سنووری زیانگەیاندن بە تەندروستیی تاك نەماوە و گەیشتووەتە ناو خێزان و كۆمەڵگە و سەقامگیری و تۆكمەییەكەی كردووەتە ئامانج.

ئەوەی باسی كرا دیوە كردەنی و ناوكۆمەڵگەییەكەی ئەو تەنكژەیە، دیوەكەی تری كە هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەو بڵاوبوونەوە، تۆڕی رەشی ئینتەرنێتە، كە تیایدا مافیا و باندە تاوانكارەكان و بازرگانان چالاكی و كاڵاكانیان تیایدا دەخەنە روو و بەدوای بازاڕ و نێچیرەكانیان دەگەڕێن، كە زیاتر گەنجەكانن، لەوێ چەندان تۆڕی رێكلام هەن كە بە زەحمەت دەتوانرێت لە لایەن دزگا تەناهییەكانەوە راوەدوو بنرێن.

بەپێی راپۆرتەكان عێراق خاوەنی سنوورە لەگەڵ شەش دەوڵەتی ناوچەكە، كە بەشێكیان مادەی هۆبەر بەرهەم دێنن و بەشێكیشیان بازاڕێكی زۆرباشین، بۆیە بووەتە ئەڵقەیەكی گرنگی بەیەكەوەبەستنەوەی شوێنی هاتن و چوونی مادەی هۆشبەر، واتە كێڵگە و كارگەی بەرهەمهێنتان و بازاڕەكەی، عەدنان كنانی ئەفسەری خانەنشین دەڵێت، عێراق بە پێی شوێنە ستراتیجییەكەی و هاوسنووری لەگەڵ شەش دەوڵەت، پێگەیەكی گرنگی لە بازرگانیی مادەی هۆشبەردا هەیە، واتە تەنیا رێڕەو نییە، بەڵكو بەشێكە لە تۆڕێكی فرەوان و ئاڵۆزی ناوچەكە و هاوكات بازاڕ و رێڕەوی رۆیشتنە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل