دوای هاتنی ئیدارەیەكی نوێ بۆ سووریا لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، خەریكە ئەو وڵاتە بۆ هەمان عەقڵیەتی پێشوو و هەمان هەڵسوكەوتی لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە لەوانەش كورد دەگەڕێتەوە، لە ئاداری رابردوو لەگەڵ كورد لە دیمەشق رێككەوتنێكی ساز كرد، بەڵام بەهۆی جیاوازیی دیدی هەردوولا لەبارەی شێوازی دەسەڵات تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە، ئەمڕۆ هەزاران هاووڵاتیی كورد لە قامیشلو داوای لامەركەزیەتیان بۆ سووریا كرد.
وەك ئاژانسی
"فرانس پرێس"، لە زاری ژمارەیەك شایەتحاڵ باسی كرد، ئەمڕۆ چوارشەم هەزاران كەس رژانە سەر شەقامەكانی شاری قامیشلو لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و پاڵپشتیی خۆیان بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەریی رۆژئاوا و هەسەدە دووپات كردەوە و داوای لامەركەزیەتیان كرد، ئاڵدار خەلیل سەركردە و سیاسەتوانی كورد لە خۆپێشاندانەكان گوتی، وەك ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای لامەركەزیەت دەكەین، كاتێكیش دەڵێین لامەركەزیەت، بۆ هەموو سووریای داوا دەكەین نەك تەنیا بۆ ناوچەكانمان، دووپاتی كردەوە، لە سووریا دۆزی كورد هەیە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، سووریا نابێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی و تەنگژەكان كۆتاییان نایەت.
لە ماوەی دوایی حكوومەتی دیمەشق داوای لە سەركردایەتیی ئەنجوومەنی كورد لە سووریا كرد شاندێك رەوانەی دیمەشق بكات بۆ گفتوگۆكردن لەباری ناوچە كوردییەكانی سووریا، ئەوەش دوای كێشەتێكەوتنی گفتوگۆكانی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاداری رابردوو، تا ئێستە ئەنەكەسە بۆ پاراستنی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لە سووریا هیچ شاندێكی رەوانەی دیمەشق نەكردووە، بەرپرسانی ئەنجوومەنەكە دەڵێن، چاوەڕوانن شاندی هاوبەشی ئەنەكەسە و پەیەدە بەیەكەوە بچنە دیمەشق، ئەگەرچی هێشتا دیار نییە گفتوگۆكان چۆن دەبن.