لە سوید یادى ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكرێتەوە

:: PM:06:50:17/09/2025 ‌
كوردانی سوید، لە ستۆكۆڵم ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی رۆژی 25ی ئەیلوول، یادى ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە فراوانی بكەنەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم، 17ی ئەیلوولی 2025، سەلام كوردە، بەرپرسی ناوەندی رەوەندی كوردستانی لە ستۆكۆڵم، بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی لە 25ی ئەیلوولدا یادى ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە فراوانی بكەنەوە. 

ڕوونیشی كردەوە، ساڵانە ئەو یادە دەكەنەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ جیاواز دەبێت، چونكە ئاهەنگێكی فراوانە و چاوەڕوان دەكرێت تەواوی كوردانی ئەو وڵاتە بەشداری تێدا بكەن. 

كوردە، لە بەشێكی تری قسەكانیدا مەبەستی ئەو یادكردنەوەی ریفراندۆمی خستە ڕوو و گوتی، ئەوە پرسێكی مێژووییە كە كورد لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی، ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و پێویستە ئەو پەیامە جارێكی تر بگەیەنینەوە بە وڵاتان. 

رۆژی 25ی ئەیلوول 2017، لە باشووری كوردستان ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق ئەنجامدرا و تێیدا 93%ی خەڵك بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم