میلیشیایەكی سزادراو: ئەمەریكا سزای هەر لایەنێك دەدات بەرهەڵستیی سیاسەتەكانی بكات

:: PM:08:21:17/09/2025 ‌

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چوار میلیشیای عێراقی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، یەكێك لەوان كەتیبەكانی سەید شوهەدا بوو، گوتەبێژی ئەو گرووپە چەكدارە باسی هۆكاری سزادانیان و كاریگەریی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لەسەر گرووپەكە دەكات.

كازم فەرتووسی گوتەبێژی كەتیبەكانی سەید شوهەدا گوتی، پێشتر لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزادرابووین، ئەمڕۆش لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەو سزایانە كاریگەرییان نابێت، چونكە هیچ پێوەندی و بەرژەوەندییەكی ئابووریی دەرەكیمان نییە، بەڵام لە رووی ماناكییەوە كاریگەریی دەبێت.

روونی كردەوە، لەگەڵ ئەوەش وای دەبینین كە ئەمەریكا سزای هەر لایەنێك دەدات كە دژی سیاسەتەكانیەتی، حەزمان نەدەكرد ئەو سزایانەمان لە لایەن ئەمەریكاوە بخرێتە سەر، بەڵام دیارە هەر یەكێك سیاسەتی داگیركارانەی ئیسرائیل رەت بكاتەوە سزا دەدرێت، لە داهاتوو هەڵوێست و بەیاننامەی فەرمیمان بەرانبەر بەو سزایانە دەبێت.  

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ئەمڕۆ چوارشەم لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەكە هاتە بڵاوكردنەوە، هەریەك لە گرووپەكانی نوجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا و بزاوی ئەنساروڵای ئەوفیا و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، وەك تیرۆریستی دنیایی پۆلێن كراون، ئێران كە گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیكارە بۆ تیرۆر لە دنیا، لە پاڵپشتیكردنی ئەو میلیشیایانە بەردەوامە، ئەوەش بواری پلاندانان و جێبەجێكردنی هێرشەكانیان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بۆ ئەوان رەخساندووە. 

بەپێی بەیاننامەكە ئەو گرووپان چەندان هێرشیان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و بنكە سەربازییەكانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەخۆ دەگرن، ئەنجام داوە و زۆر جار بە ناوی وەهمی و خوازراوەوە بۆ شاردنەوەی تێوەگلانیان ئەو كارانەیان ئەنجام داوە، ئەو سزادانەش لە چوارچێوەی یاداشتی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆكایەتی ژمارە دوو دێت، كە سەرۆك ترەمپ دەری كردووە و باسی سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران دەكات بۆ بڕینی سەرچاوەی پاڵپشتی لە رژێمەكە و بریكار و هاوبەشە تیرۆریستەكانی.   

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا لە بەكارهێنانی هەموو ئامرازێكی بەردەست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەناهییە نیشتمانییەكانی بەردەوام دەبێت، هەروەها رێگرتن لە گەیشتنی پاڵپشتی بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل