دوێنێ چوارشه‌م 17ی ئه‌یلوول، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا رایان گه‌یاند، هێشتا ئێران به ته‌واوی مه‌رجه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردووه، گوتیشیان ئه‌گه‌ر به ئاراسته‌ی دروست هه‌نگاو نه‌نێت، گه‌مارۆكانی تایبه‌ت به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه به سناپباك ناسراوه، له 2015 به‌هۆی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵپه‌سێردرابوون، ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه.
كاجا كالاس جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی
یه‌كێتیی ئه‌وروپا دووپاتی كرده‌وه، "بژارده‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی دیپلۆماسی بۆ پرسی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، خه‌ریكه به خێرایی له‌بار ده‌چێت."
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا كالاس گوتی، ده‌بێت ئێران هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی فڕه‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا بگرێته‌به‌ر. ئه‌و وڵاتانه داوا ده‌كه‌ن ئێران هاوئاهه‌نگیی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی بكات و رێگه بدات ده‌زگاكان پێگه ناوه‌كییه‌كانی بپشكنن.
كالاس دووپاتی كرده‌وه كه ده‌بێت "بێ دواكه‌وتن" ئه‌مه بكات.
هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی X رای گه‌یاند، "ئێران هێشتا هه‌نگاوی دروست و وردی بۆ خۆپاراستن له سه‌پاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر."
له وه‌ڵامدا عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی، سه‌پاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان "هیچ پاساوێكی یاسایی و لۆجیكی نییه."
هه‌روه‌ها رای گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی و ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی نێوده‌وڵه‌تی، به ناوه‌ندگیریی میسر گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، تا رێپێدانی ته‌واو بۆ پشكنینی بنكه‌كان و ئاشكراكردنی شوێنی ماده ناوه‌كییه‌كان بده‌ن.
ئه‌گه‌ر ئێران پابه‌ند نه‌بێت، له كۆتایی مانگی ئه‌یلوول گه‌مارۆكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌سه‌پێندرێنه‌وه. گه‌مارۆكان بریتین له سڕكردنی سه‌رچاوه داراییه‌كانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌ڵپه‌ساردنی فرۆشتنی چه‌ك به تاران و رێگرتن له په‌ره‌پێدان به به‌رنامه‌ی مووشه‌كی و چه‌ند گه‌مارۆیه‌كی قورسی تر. سه‌رئه‌نجام ئابووریی ئێران هێنده‌ی تر ده‌پووكێته‌وه.