رۆژنامه‌نووس محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار ئاشكراى ده‌كات، تێچووى خانوویه‌كى ره‌یان كلدانى سه‌رۆكى میلیشیاى بابیلۆن، زیاتر له 10 ملیۆن دۆلاره. رۆژنامه‌نووسه‌كه به توانجه‌وه ده‌ڵێ، "ئاساییه خۆ ده‌ستى به‌سه‌ر ماڵ و موڵكى خه‌ڵكدا نه‌گرتووه، خێزانه‌كه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوون".
ره‌یان كلدانى له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ مونا سامى رۆژنامه‌نووس ده‌ركه‌وت. ئه‌وه‌ى بووه جێى سه‌رنجى عێراقییه‌كان، ئه‌و خانووه‌ى ره‌یان كلدانى بوو كه دیمانه‌كه‌ى تێدا كراوه.
محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار به توانجه‌وه ده‌ڵێ، "شێخ كلدانى به‌ر له‌وه‌ى بچێته ناو كارى جیهاد و سیاسه‌ت ،ده‌وڵه‌مه‌ند بووه و له خێزانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، به‌ڵام كۆشكێك كه تێچووه‌كه‌ى له سه‌رووى 10 ملیۆن دۆلاره، ئاسان نییه بۆ كه‌سێك له‌و سه‌رده‌مه به ده‌ستى بهێنێت".
محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار دووپاتى ده‌كاته‌وه، ئه‌و كۆشكانه به‌و كه‌سانه دروست ده‌كرێت كه ده‌ست به‌سه‌ر ماڵ و موڵكى خه‌ڵكدا ده‌گرن و له ژێره‌وه رێككه‌وتنى گه‌وره ده‌كه‌ن. دیسان به توانجه‌وه ده‌ڵێ، "به‌ڵام ئه‌وه له بیر مه‌كه‌ن ئێمه له ده‌وڵه‌تێكى به‌هێزین لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره كه‌سانه ده‌كات".
دواتر باسى براكه‌ى ره‌یان كلدانى ده‌كات كه كاروانێكى ئۆتۆمبێلى جۆرى جى كڵاسى به دواوه بوو، محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار ده‌ڵێ، "ئه‌ویش به ئاره‌ق و ماندووبوونى خۆى به ده‌ستى هێناوه". كۆتا گاڵته‌ى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه به ره‌یان كلدانى ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ، "ره‌یان ده‌ستى به‌سه‌ر موڵك و ماڵى ده‌وڵه‌تدا نه‌گرتووه، هه‌روه‌ها زه‌ویوزارى خه‌ڵكى نه‌بردووه، خودا پێی داوه".
ره‌یان كلدانى له‌دایكبووى ساڵى 1989یه، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه سزا دراوه به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندیى به ئێرانه‌وه هه‌یه و میلیشیاكه‌ى سه‌ربه ئێرانه. كلدانى به‌وه تۆمه‌تباره له ده‌شتى نه‌ینه‌وا ده‌ستى به‌سه‌ر موڵك و ماڵى مه‌سیحییه‌كاندا گرتووه.