لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل باسی گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بنیاتنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەكرێت، هێرشەكەی حەماس چەند گۆڕانكارییەكی گەورەی لە ناوچەكە بە دوای خۆیدا هێنا، هەر هەمووی لەسەر حسیبَی ئێران و بەرەی موقاوەت بوو، واتە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، بۆیە شارەوزاین پێیان وایە ئەمەریكا و رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبیش بڕیاریان داوە میلیشیاكان لە ناوچەكە نەمێنن.
ئیسرائیل توانی حەماس و حزبوڵای لبنانی زۆر لاواز بكات و خەریكە بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە پلانێك بۆ داماڵینی چەكی ئەوان جێبەجێ دەكرێت، هەرچی میلیشیاكانی یەمەن و عێراقن، شارەزایان پێیان وایە نۆرەی ئەوانیش دێت، رۆبەرت رابیل شارەزای ئەمەریكی لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە دەكات، ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك وڵاتی عەرەبی و كەنداو، بڕیاریان داوە نابێت گرووپە نا حكوومەتییەكان رۆڵیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، ناكرێ خاوەن بڕیار و سیاسەت بن لە ناوچەكە و تەنیا وڵاتان بەرپرسیار بن، ئەو ستراتیجیەتە ماوەیەكە بڕیاری لەسەر دراوە و ئێستە بە هەنگاو جێبەجێی دەكەن.
سەبارەت بە سزاكانی دوایی بۆ سەر ژمارەیەك میلیشیای عێراقی و هەڕەشە بەردەوامەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆیان، رابیل گوتی، ئەو گرووپە چەكدارانە بەشێكن لە بەرەی موقاوەمەت لە عێراق و ئەوان تەنیا دوژمنایەتیی ئەمەریكا ناكەن، بەڵكو دوژمنی عێراقیشن، روونە كە بە تیرۆرناساندنی ئەوان مەبەست لێ زیادكردنی گوشارەكانی سەر ئێرانە.
لەوكاتەی ئیحسان شمەری توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە بەتیرۆرناساندنی ئەو میلیشیایانە پەیامێكە بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق بەوەی واشنتن نارازییە بە بەشداریكردنی ئەو گرووپانە لە گۆڕەپانی سیاسی بۆ داهاتوو و ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ هیچ حكوومەتێك ناكات ئەوان پێكی بێنن، رابیل دووپاتی كردەوە كە ئێستە ئەمەریكا بە وردی چاودێریی ئەو گرووپانە دەكات و هەركەس و لایەنێك پاڵپشتییان بكات لە رووی یاساییەوە راوەدوو دەنرێت و تۆمەتبار دەكرێت، ئەگەر ئەوان دەیانەوێ ببنە خاوەنی حزبی سیاسی دەتوانن، بەڵام بە چەكداری و بە شێوەی دەوڵەت لە ناو دەوڵەت نا.