لە دوای ئەو گورزە گەورانەی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی رابردوو و پیش ئەوەش لە ئێرانی دا و دەیان فەرماندەی سەربازی و زانا و شارەزای ئەتۆمیی ئێرانی كوشت، پەرلەمانتارێكی ئێرانی ئاشكرای دەكات كە مەترسیی رژد لەبارەی ئاسایشی سیبرانی و چاودێری لە ئێران هەیە، ئاماژە دەكات كە تەواوی كامێراكانی چاودێری لە لایەن ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵ كراون.
مەحموود نبویان جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێۆران لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، ئەوەی پێوەندیی بە ئینتەرنێتەوە هەیە ئیسرائیل دەستی پێی دەگات، هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەپلیكەیشنەكان نییە و واتساپ و ئەوانەی لە ناوخۆی ئێران هەن وەك ئیتا لە رووی ئاسانی گەیشتن بە ناوەڕۆكەكانیانەوە.
ئەو دووپاتی كردەوە كە مەترسیی رژد پێوەست بە ئاسایشی سیبرانی و سیستمی چاودێری لە ئێران هەیە، هەموو كامێراكانی چاودێری كە لە فولكەكان دانراون لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلن و ئەوەش وای كردووە چاودێریی هەموو شتێك بكات، بۆ نموونە ئیسرائیل توانای ئاشكراكردنی وردەكاریی كۆبوونەوەی سەرۆكی دەسەڵاتەكانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردنی لە ئێران هەیە.
ئاماژەی كرد، بابەتەكە تەنیا لە مۆبایلدا نەوەستاوە و گەیشتووەتە كامێراكانی چاودێری كە چاودێریی جوڵانەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسان دەكات، وەك محەمەد باقر قالیباف و غولام حوسێن موحسنی و مەسعوود پزیشكیان بۆ دیاریكردنی شوێنی بوون و كۆبوونەوەكانیان، بۆیە هەر جووڵەیەك دەكەین، جا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بێت یان لە ژیانی ئاسایی، بە وردی چاودێری دەكرێت.