ترەمپ قەتەڕ دەخاتە ژێر پارێزراویی سەربازیی ئەمەریكا

:: PM:04:47:01/10/2025 ‌

دوای هێرشەكەی دوایی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ و كردنەئامانجی كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس لەو وڵاتە، پێوەندییەكانی قەتەڕ و وڵاتانی كەنداو و ئەمەریكا كێشەیەكی رانەگەیەندراوی تێ كەوت، ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانێكی دەركرد بە تیایدا بەڵێنی مسۆگەركردنی ئاسایشی قەتەڕی تیادا راگەیاند، لەوانە پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی ئەگەر دۆحە رووبەڕووی هەر هێرشێك بووەوە.

ئەو فەرمانەی ترەمپ دوای سێ هەفتە لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەڕ دێت، كە سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماسی كردە ئامانج، لەوكاتە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەتەڕە و نیشانەی پرسیاری دروست كرد ئاخۆ ئەمەریكا چۆن رێگەی بە هێرشەكە دا؟

بەپێی فەرمانەكە لە حاڵەتی قەتەڕ دووچاری هەر هێرشێكی دەرەكی هاتەوە، پێویستە ئەمەریكا هەموو رێوشوێنێكی یاسایی بگرێتە بەر، دیپلۆماسی و ئابووری و ئەگەر پێویست بكات سەربازیش بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خۆی و قەتەڕ، فەرمانەكە داوا لە وەزیری جەنگی ئەمەریكا دەكات بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵا بۆ دانانی پلانی فریاگوزاریی هاوبەش لەگەڵ قەتەڕ، مسۆگەری وەڵامدانەوەیەكی بەپەلە و رێكخراو بۆ هەر هێرشێكی دەرەكی لە دژی قەتەڕ بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل