بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەم پەرلەمانی عێراق دوایین دانیشتنی ئاسایی خۆی ساز بكات و دەنگ لەسەر ژمارەیەك پڕۆژە و پێشنیازی یاسای گرنگ بدات، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان، دانیشتنەكە بۆ كاتێكی تر دوا خرا.
بڕیار بوو دانیشتنەكە لە سەعات 1:00ی دوای نیوەڕۆ ساز بكرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامان بۆ سەعات 4:00ی ئێوارە دوا خرا، ئەوكاتیش لەبەر هەمان هۆكار ساز نەكرا و دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دوا خرا، موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە ئەندامان كرد بۆ ئامادەبوون و تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە، كە بڕیار بوو دەنگ لەسەر 10 یاسای گرنگ بدرێت، ئەندامان ئامادە نەبوون و دانیشتن ساز نەكرا.
بەپێی
سەرچاوەكان مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆڵی دانیشتنەكانی جێهێشت و چووە بۆ كافتریا و داوای لە ئەندامان كردووە بگەڕێنەوە هۆڵی دانیشتنەكان و تەواوكردنی نیسابی یاسایی و سازكردنی دانیشتن و دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژە و پێشنیازی یاسای گرنگ، كە دەبوایە لە دانیشتنەكە دەنگ لەسەر ژمارەیەك پڕۆژە و پێشنیازی یاسا بدرێت پێوەست بە دۆسیەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە.
هەر بەپێی سەرچاوەكە دەبوایە ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوایین دانیشتنی ئەنجوومەنەكە بێت، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیار درا لە هەینی داهاتووەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەكرێت، بە فەرمی دەست پێ بكات و ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ لیستەكانیان سەرقاڵی بانگەشە دەبن.