ئەردۆغان هەڕەشە لە هەسەدە دەكات

:: PM:05:28:01/10/2025 ‌

تا ئێستە گفتوگۆكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق لەبارەی یەكخستنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هێزە چەكدارەكانی لەگەڵ دەسەڵات و سوپای سووریا هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوان دوو دید و خواستی تەواو جیاوازیان هەیە، لەو ناوەدا جیا لە گوشارەكانی بۆ سەر دیمەشق، سەرۆكی توركیا راستەوخۆ هەڕەشە لە هەسەدە دەكات و ناراستەوخۆ ئاماژە بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی دەكات.

لەوكاتەی زەكی ئاكتورك گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی توركیا بەر لە هەفتەیەك هەسەدەی بە پابەندنەبوون بە رێككەوتنی ئاداری رابردووی دیمەشق تۆمەتبار كرد، ئەمڕۆ چوارشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی رێگە بە لێكترازانی سووریا و دابەشبوونی خاكەكەی نادات، دووپاتی كردەوە كە هەموو رێگەیەكی دیپلۆماسیمان بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتیی خاكی سووریا و رێگرتن لە دروستبوونی قەوارەیەكی تیرۆریستی لەسەر سنوورەكانمان بەكار هێنا و بەردەوامیش دەبین.

روونی كردەوە، بەڵام ئەگەر دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان بێ وەڵام بوون، واتە لە لایەن هەسەدەوە، ئەوە سیاسەت و هەڵوێستی توركیا روونن و رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونەكە لە سووریا نادەین.

لای خۆیەوە بەدران چیا كورد هاوسەرۆكی دەستەی پێوەندییەكانی ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوای كوردستان  دووپاتی كردەوە كە هەسەدە نابێتە مەترسی بۆ سەر توركیا، ئەو رەخنەی لە رۆڵی توركیا لە سووریا گرت بەوەی توركیا دەیەوێ تەنگژە و ململانێ ناوخۆییەكانی بێنێتە ناو سووریا.     





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل