ئەنقەرە و دیمەشق دەیانەوێ لە بری هەسەدە ببنە هاوبەشی ئەمەریكا لە دژی داعش

:: PM:06:11:01/10/2025 ‌

هاوكات لە گوشارەكانی توركیا لەسەر دیمەشق و ئەمەریكاش بۆ دەستبەرداربوون لە هەسەدە و ناچاركردنی بۆ یەكخستنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لەگەڵ دیمەشق و هێزەكانیشی لەگەڵ سوپای سووریا، هاوكات گوشارە مەیدانییەكان لەسەر هەسەدە لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانەوە، ئێستە سوپای توركیا و سووریا بە هاوبەشی راوەدووی چەكدارانی داعش دەنێن، بەوەش دەیانەوێ ببنە هاوبەشی ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە بری هەسەدە.

ماوەی 10 ساڵە ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پشت بە هەسەدە دەبەستن لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی گرووپەكە و پاسەوانیكردنی كەمپ و گرتووخانەی چەكدارەكانی لە ناوچەكانیان، ئەوەش وای كردووە ئەمەریكا دەستبەرداری هەسەدە نەبێت و لە بەرانبەر ئەنقەرە و دیمەشق پاڵپشتی لێ بكات، بۆیە ئۆپراسیۆنەكانی دوایی هێزەكانی توركیا لەناو سووریا لە دژی چەكدارانی داعش بە هاوئاهەنگیی دیمەشق پرسیاری دروست كردووە لەبارەی ئەگەری شوێنگرتنەوەی ئەوان بۆ هەسەدە لە هاوبەشكردنی واشنتن بەرانبەر بە داعش. 

ئەوەی گومانەكەی زیاتر كردووە داواكارییەكانی ئەنقەرە و دیمەشقە بۆ هەڵوەشانەوەی یەپەگە كە بەشێكی سەرەكیی هەسەدەیە و یەكخستنی شەڕوانەكانیەتی لەگەڵ سوپای سووریا، عەلی ئەسمەر شرۆڤەكاری سیاسیی توركی دەڵێت، توركیا بوارێكی داوەتە حكوومەتی سووریا بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی هەسەدە تا كۆتایی ئەمساڵ، بێ ئەوەی نیازی پەنابردن بۆ بژارەی سەربازی لە دژی هەسەدە بشارێتەوە، ئەوە ئەگەر چارەسەری سیاسی بە بنبەست گەیشت. 

شارەزایان پێیان وایە كە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی باڵەكانی ئێران لە ناوچەكە، زۆرینەی بەرژەوەندی و خواستەكانی ئەمەریكا هاتووەتە دی، ئێستەش بۆ پاراستنی بەرژەوەدییەكانی پێویستیی بە توركیا و حكوومەتی نوێی دیمەشق هەیە، لەوكاتە ی هیچ بەڵێن و پابەندییەكی بەرانبەر بە هەسەدە نییە، بۆیە خانی هەسەدە دەكات بۆ لێكگەیشتن لەگەڵ دیمەشق، كە ئەگەر هەیە توركیا و ئەمەریكا بگەن بە رێككەوتن لەسەر حیسابی هەسەدە، بەڵام هەر بەپێی شارەزایان بوونی ئەنقەرە و دیمەشق بە شوێنگرەوەی هەسەدە وەك هاوبەش بۆ ئەمەركیا لە شەڕی داعش ئاڵۆزی تیادایە و ئاسان نییە.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل