لەوكاتەی ئێران بەرانبەر بە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان هەڕەشەی پاشەكشەی لە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كرد و بابەتەكەی خستە ئەستۆی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە، چەند سەرچاوەیەك لە تاران دووپاتیان كردەوە كە پەرلەمانی ئێران لە گەیشتن بە بڕیاری كۆتایی لەبارەی كشانەوە لە پەیماننامەكە شكستی هێناوە.
بەپێی
سەرچاوەیەك، لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران و عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، باسی لێكەوتەكانی جێبەجێنەكردنی پابەندییەكانی ئێران بۆ رۆژئاوا لە دۆسیەی ئەتۆمی كرا و ئەوان لەبارەی كشانەوە لە پەیماننامەكە بە رێككەوتن نەگەیشتن.
سەرچاوەكان گوتیان، لاریجانی وریایی لە مەترسیداریی پەرەسەندنی هەنگاوەكان بەرانبەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و باسكردنی كشانەوەی لە پەیماننامەكە دا، بەوەی ئەو هەنگاوانە هیچ دەستكەوتێكی سیاسی و نێودەوڵەتیان بۆ ئێران نابێت، روونی كردەوە، ئەو ئاژانسە دامەزراوەیەكی تەكنیكی و پسپۆڕییە و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا هیچ پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی بۆ ئێران دروست ناكات، چونكە تاران وەك ئەندامێكی پەیماننامەكە پابەندە بە بەردەوامبوون لە هاوكاری لەگەڵ ئاژانسەكە، تەنانەت ئەگەر دامەزراوەكانیشی رووبەڕووی هێرشی سەربازی ببنەوە.
لاریجانی دووپاتی كردەوە كە دۆخی ئێستە پێویست دەكات تاران پابەندی سیاسەتێكی هاوسەنگ بێت و تەنیا گرەو لەسەر رووسیا و چین نەكات، چونكە لە سیەسەتی دەرەوە پشتبەستن بە تەنیا تەوەرەیەك هەڵەیەكی ستراتیجییە و خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات ناكات، بۆیە پێویستە خۆمان لە بانگەشەكردنی ئەوەی سزاكانی رۆژئاوا كاریگەرییان نییە، دوور بخەینەوە و وریایی لە كاریگەریی دەروونیی سزاكان دا كە یەكێكە لە دیارترین هۆكاری هەڵاوسان و زیادبوونی گوشار لەسەر بژێویی ئێرانییەكان، بۆیە باشترین رێگە هێوركردنەوەی دۆخەكە و هێشتنەوەی دەرگەی گفتوگۆكانە بە كراوەیی و خۆلادانە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.