وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند كە خەریكە ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق كەم دەكاتەوە، روونی كردەوە كە ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی پلانێكە بۆ كۆتاهێنان بە ئەركەكانی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، پێشتریش سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژە بۆ كەمكردنەوەی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق بۆ دوو هەزار سەرباز كردبوو.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، ئێستە ئەمەریكا بەرەو هاوبەشییەكی بەردەوامی تەناهی لەگەڵ عێراق دەچێت و دووپاتی كردەوە كە هاوكات لە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ بەغدا بۆ مسۆگەریی پرۆسەیەكی گواستنەوەی رێكوپێكی ئەركەكان بەردەوام دەبین، پنتاگۆن دووپاتی لەوەش كردەوە كە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رەنگدانەوەی سەركەوتنی هاوبەشی هەردوولایە لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەمە و پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە ماوەیەكی كورت ئەمەریكا ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق بۆ دوو هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە، ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەوانانی گوت، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ژمارەی سەربازانمان لە عێراق بۆ دوو هەزار سەرباز كەم دەكەینەوە، ئەوە لەوكاتە مانگی رابردوو بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە كار بۆ ئەوە دەكەن ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق بۆ 3500 سەرباز لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگ كەم بكەنەوە.
شایەنی باسە كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق لە ئەنجامی چەند گەڕی گفتوگۆی هەردوو وڵات بوو، كە بڕیار درا تا كۆتایی مانگی ئەیلوولی 2025 تەواوی سەربازانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان لە عێراق بكشێنەوە و تا ئەیلوولی 2026شیش، بە هەمان شێوە لە هەرێمی كوردستان پاشەكشە بكەن.