ئەمەریكا دەیان فڕۆكەی جەنگی ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:09:39:02/10/2025 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكەكانی جۆری KC-135 ستراتۆتانكەری هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا كە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ نزیكبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ ئێران.

بەپێی "نیوزویك"، ئەم جووڵە سەربازییە لەناكاوە یەكێكە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەكانی دابینكردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا. چاودێران ئەمە بە ئاماژەیەكی ڕوون دەبینن بۆ ئەوەی كە واشنتن ئامادەكاری دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەیی خۆی لە بەرانبەر هەر گرژییەكی ئەگەری لەگەڵ ئێران.

شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن كە كۆكردنەوەی توانای دابینكردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا لە ناوچەكە، توانایەكی دەستبەجێ دەداتە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ جووڵەكردن لە گۆڕەپانە جیاوازەكانی ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەڕەشەكانی ئێران
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، هاوكات لەگەڵ جووڵە ئەمەریكییەكە، تارانیش ئاستی هەڕەشەكانی بەرز كردووەتەوە. محەمەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری سەرۆكی دەستەی پشكنینی ئێران، دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی مەودای مووشەكەكانی "بۆ هەر مەودایەكی پێویست" درێژ دەكاتەوە ئەگەر ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەك ببێتەوە.

هاوكات، موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هۆشداری داوە كە هەر گورزێكی ئیسرائیل بەسە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێكی گشتگیر و گەورە كە ئەمەریكاش دەگرێتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە
پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی جەنگ (ISW) پێی وایە كە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل "زۆر ناسكە" و ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێ هێشتا لە ئارادایە. پەیمانگەكە ئاشكرای كردووە، سەركردایەتیی ئێران ڕێنوێنیی دەركردووە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی حوكمڕانی ئەگەر جەنگێكی گشتگیر هەڵگیرسا، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەكاریی جددییە بۆ سیناریۆی گرژی.

لە بەرانبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دووپاتی لە پێویستیی بەردەوامبوونی فشاری دیپلۆماسی و ئابووری لەسەر ئێران كردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بكرێت دەست بە هەوڵە ئەتۆمییەكانی بكاتەوە، كە ئەمەش گوتارێكە ڕەنگدانەوەی ڕێككەوتنێكی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ واشنتن بۆ هێشتنەوەی هەموو بژاردەكان بە كراوەیی.


وشە - پۆڵا مەحموود