لاڤرۆڤ وریایی لەبارەی دۆزی كورد لە ناوچەكە دەدات

:: PM:09:18:08/10/2025 ‌

هەڵوێستی رووسیا بە بەردەوام پێوەست بووە بە بەرژەوەندییەكانی، ئەو دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، دەسەڵاتی لە سووریا كەم بووەوە، بەڵام رووداوەكانی سووریا وایان كرد لەسەر داوای دیمەشق بگەڕێتەوە و ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی رووسیا وریایی لەبارەی دۆزی كورد لە سووریا و ناوچەكە دا.

لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتی كردەوە كە ئەگەر یارییەكانی كوردی سووریا لەبارەی خۆبەڕێوەبەری سەر بگرێت، ئەگەری هەیە كێشەی كورد لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە بتەقێتەوە، روونی كردەوە، سووریا داوای وەستانی دەستوەردانی دەرەكی لە كارەكانی دەكات، كاتێك بەشێكی زۆری خاكی سووریا كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی هێزی بیانی، ئەو هێزانەی لەسەر داوای دیمەشق لەوێ نین.  

ئاماژەی كرد، پێویستە هەموو وڵاتانی كاریگەرییان لەسەر دۆخی سووریا هەیە، جا لەسەر دیمەشق بێت یان گرووپەكانی تر، ئەوە بزانن كە یەكپارچەیی سووریا لە بەرژەوەندیی ئەوانە، بۆیە ئەگەر یارییەكانی كوردی سووریا لەبارەی خۆبەڕێوەبەری و جیابوونەوە سەر بگرێت و بگاتە ئەنجام، ئەگەری هەیە كێشەی كورد لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە بتەقێتەوە و ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە.  

شایەنی باسە رووسیا پاڵپشتیكاری سەرەكیی رژێمی پێشووی سووریا بوو و خاوەن دوو بنكەی سەربازی بووە لەو وڵاتە و رۆڵی گەورەی لە بەرگریكردنی سەربازی لە رژێمی بەشار ئەسەد هەبوو، هاوكات پێوەندییەكی باشی لەگەڵ توركیا هەیە، دوای ماوەیەك لە نەبوونی پێوەندی، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی سووریای نوێ سەردانی مۆسكۆیان كرد و چاویان بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا كەوت و ئێستە پێوەندییان ئاساییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل