بەرپرسانی ئیسرائیلی: لە غەزە دەمێنینەوە و چیتر هێرش ناكەین

:: PM:06:33:09/10/2025 ‌

دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتنی هەردوو شاندی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی یەكەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاشتی لە كەرتی غەزە رێك كەوتن، بەرپرسانی ئیسرائیل دووپاتیان كردەوە كە پابەند دەبن و چیتر هێرش ناكەن، بەڵام لە بەشێكی كەرتی غەزە دەمێننەوە.

جەدعوون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، ئیسرائیل بە نیاز نییە دەست بە شەڕی غەزە بكاتەوە، بەڵام بۆ ئەوە پشت بە وازهێنانی حەماس لە چەك دەبەستێت، ئەو دووپاتی كردەوەن كە بە پلانەكەی سەرۆك ترەمپ پابەند دەبن.

لای خۆیەوە یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند كە فەرمانی بۆ سوپای وڵاتەكەی دەركردووە بۆ وەڵامدانەوەی توندی هەر هێرشێكی حەماس بۆ سەریان لەناو كەرتی غەزە لە ماوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.

لای خۆیەوە شووش بەدرسیان گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئیسرائیل رای گەیاند كە لە دوای ئازادكردنی بارمتەكان، سوپای وڵاتەكەی لە 53%ی كەرتی غەزە دەمێنێتەوە، بەیانی ئەمڕۆ واژوو لەسەر رەشنووسی كۆتایی یەكەم قۆناغی پلانەكەی سەرۆك ترەمپ لە شەرمولشێخ لە میسر كراوە، بەپێی یەكەم قۆناغ ئاڵوگۆڕی بارمتە و گیراوەكان دەكرێت، دوای 24 سەعات لە پەسندكردنی رەشنووسەكە، 72 سەعات بوار دەدرێت بۆ ئازادكردنی بارمتەكان لە لایەن حەماسەوە، لەو 24 سەعاتە ئاگربەست دەسەپێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل