دوای سەركەوتنی پلانەكەی بۆ ئاگربەست و ئاشتی لە غەزە و رێككەوتنی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەسەر جێبەجێكردنی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئیدارەكەی شەڕی غەزەی بە كۆتا هێنا و پێشبینیی كرد بە ئاشتییەكی هەمیشەیی بگەن، ئەو دووپاتی كردەوە كە بەمنزیكانە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
ئەمڕۆ دوای گەیشتن بە رێككەوتن لە غەزە، سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوەی بە حكوومەتەكەی لە كۆشكی سپی كرد بۆ باسكردنی رێككەوتنەكە و پێشبینیی ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكانی لە دووشەم یان سێشەمی داهاتوو كرد، هیوای خوست ئامادەی رێوڕەسمی واژووكردنی رێككەوتنەكەی دوێنێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە شەرمولشێخ بێت، دووپاتی كردەوە كە پێم وایە ئەو كارە بە ئاشتییەكی هەمیشەییمان بگەیەنێت و زۆر دەوڵەت بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەزە دەكەن.
ترەمپ دووپاتی لەوەش كردەوە كە هێرشەكەی 13ی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر ئێران بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی غەزە گرنگ بوو، تاران دەیەوێ كار بۆ ئاشتی بكەین و ئێمە لەو بارەوە هاریكار دەبین، ترەمپ باسی ئەوەی كرد كە لە میسر رێككەوتنی غەزە واژوو دەكرێت و هەوڵ دەدەم بچمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشكرای كرد كە حەماس لەو شەڕە 70 هەزار كەسی لێ كوژراوە و پێویستە شەڕەكە بوەستێت.