بڕیار بوو لە 15ی ئەم مانگە كارەكانی یەكەم لووتكەی رووسی- عەرەبی لە مۆسكۆ بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی سەركەوتنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ لە وەستانی شەڕی غەزە و ئامادەنەبوونی سەركردە عەرەبییەكان، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بڕیار دا كارەكانی لووتكەكە دوا بخرێت.
ئەمڕۆ
پوتین پێوەندیی تەلەفۆنی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و باسی كارەكانی یەكەم لووتكەی رووسی- عەرەبیان كرد، ئەوان لەسەر دواخستنی لووتكەكە بۆ كاتێكی تر رێك كەوتن، كۆشكی سەرۆكایەتیی رووسیا دووپاتی كردەوە كە رووسیا و عێراق لە رێگەی دیپلۆماسییەوە زانیارییەكان سەبارەت بە دواخستنی سازكردنی لووتكەكە بە پایەتەختە عەرەبییەكان دەگەیەنن.
كرملین ئاماژەی كرد كە پوتین لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتووە كە وا باشترە كارەكانی لووتكەكە بۆ كاتێكی تر بێتە دواخستن، چونكە زۆرێك لە سەركردەكانی عەرەبی كە بانگهێشت كراون، ئێستە بەهۆی جێبەجێكردنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی كەرتی غەزە، ناتوانن خۆیان لە مۆسكۆ ئامادە بن و دواتر لەسەر وادەیەكی بۆ لووتكەكە رێككەوتن دەكرێت.
شایەنی باسە بڕیار بوو لە 15ی ئەم مانگە كارەكانی لووتكەی رووسی- عەرەبی لە مۆسكۆ بۆ باسكردنی چەندان دۆسیەی هاوبەش بێتە سازكردن، بەتایبەتی هاریكاری لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وبەرهێنان و ئاسایش و وزە.