سەردانەكەی ترەمپ بۆ ناوچەكە خێرا و كورت دەبێت

:: PM:09:13:09/10/2025 ‌

دوای سەركەوتنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاگربەست و ئاشتی لە كەرتی غەزە، بڕیارە یەكشەمی داهاتوو هاوكات لەگەڵ واژووكردنی رێككەوتنی ئیسرائیل و حەماس لە میسر، ترەمپ سەردانێكی خێرای ناوچەكە بكات، كە رەنگە ئیسرائیل و میسر بگرێتەوە، ئەو وتارێك لە پەرلەمانی ئیسرائیل دەدات.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی بەرنامەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل ئاشكرا دەكات كە بڕیارە بكەوێتە ئێوارەی یەكشەمی داهاتوو، ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا و گارید كۆشنەر زاوای ترەمپ ئەمشەو سەردانی ئیسرائیل دەكەن بۆ رێكخستنی سەردانەكەی ترەمپ لە هەفتەی داهاتوو.

بەپێی كەناڵەكە سەردانی ترەمپ زۆر خێرا و كورت دەبێت، پرۆتۆكۆلی فەرمی لەگەڵ نابێت و بڕیارە شەوی یەكشەم فڕۆكەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن لە ئیسرائیل بنیشێت و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك وەزیری ئیسرائیلی پێشوازی لێ بكەن.

مەبەستی سەردانەكەی ترەمپ ئامادەبوونە لە ناوچەكە هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و بەشداریكردن و پێشوازیی ئەمەریكا لە واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی بۆ وەستانی شەڕی غەزە، ترەمپ لە فڕۆكەخانەی بن گۆریۆنەوە دەچێتە كنێستی ئیسرائیلی، پەرلەمان، لەوێ گوتارێك پێشكەش دەكات، ئینجا ئیسرائیل جیدێڵێت، بێ سازكردنی هیچ ئاهەنگ و كۆبوونەوەیەك.  

ئەمشەو ترەمپ لەبارەی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە گوتی، قۆناغی دووەم داماڵینی چەكی حەماس و كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە دوای وەرگرتنەوەی بارمتەكان بەخۆیەوە دەبینێت، هاوكات ئەمەریكا بە چارەسەری دوو دەوڵەت پابەند دەبێت، لە غەزە شتێك دەكەین خەڵكەكە بتوانن تیایدا بژین، بەتایبەتی دەوڵەتێكی زۆر بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی كەرتەكە دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل