گورزێكی نوێ لە واشنتنەوە بۆ هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق

:: AM:09:43:10/10/2025 ‌
ئەمەریكا سزای بەسەر تۆڕێكدا سەپاند كە لە هەشت كەس و لایەن پێكهاتووە، بەهۆی پشتیوانیكردنیان لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، فەیلەقی قودس، هەروەها دوو گرووپی میلیشیای سەر بە ئێران لە عێراق كە بریتین لە "كەتائیبی حزبوڵا" و "عەسائیب ئەهلی حەق".

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، ئامانج لەم هەنگاوە تێكدانی ئەو سەرچاوە داراییە نایاساییانەیە كە چالاكییەكانی ئێران پارەدار دەكەن و پاراستنی ئابووریی عێراقە لە گەندەڵی.

ڕاگەیەنراوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە ئەمەریكا پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ڕێگری كردن لەو گرووپانەی كە هێرش دەكەنە سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا. هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە هەموو ئامرازە بەردەستەكان بەكاردەهێنێت بۆ لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران.

ئەم بڕیارە نوێیە لەسەر بنەمای فەرمانی جێبەجێكاری (E.O. 13224)ی تایبەت بە سزاکانی دژەتیرۆر دەرچووە و تەواوكەری ئەو سزایانەیە كە لە سێی تەممووز و دووی ئەیلوولی 2025 دەرچوون و ئەو كەس و لایەنانەیان كردبووە ئامانج كە خاكی عێراقیان بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران بەكارهێنابوو.


وشە - پۆڵا مەحموود